گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عەبدولستار مەجید: سەردانیکردنی لیژنەیەکی پەرلەمان بۆ کەرکوک لەلایەن یەکێتى و پارتى شکستیپێهێندرا

2019.08.26 - 19:00
App store icon Play store icon Play store icon
عەبدولستار مەجید: سەردانیکردنی لیژنەیەکی پەرلەمان بۆ کەرکوک لەلایەن یەکێتى و پارتى شکستیپێهێندرا

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز بڕیار بوو ئەمڕۆ لیژنەیەکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی کەرکوک بکات، بەڵام سەردانەکە هەڵوەشایەوە و سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت، پارتی ئامادە نەبوو بەشداری لە لیژنەکەدا بکات و یەکێتیش لە دوا ساتەکاندا لە سەردانەکە پەشیمانبوەوە. .   لە ماوەی ڕابردوودا شاندێک لە بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان پێکهێندرا بۆ ئەوەی سەردانی کەرکوک بکات، تا لە نزیکەوە پشتیوانی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان بکەن و گوێ لە کێشە و داواکارییەکانیان بگیرێت و عەبدولستار مەجیدیش بە سەرۆکی لیژنەکە ڕاسپێردرا. .   عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ و سەرۆکی ئەو لیژنەیە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ (دووشەممە، 26ی ئابی 2019) بڕیار بوو شاندەکە سەردانی کەرکوک بکات، بەڵام شکستیپێهێندرا". . عەبدولستار مەجید روونیکردەوە:"هەرچەندە  فراکسیۆنی یەکێتی لە شاندەکەدا بوون، بەڵام بە پاساوی بوونی کۆبوونەوەی "گرنگ"ی خۆیان، ئامادەنەبوون ئەمڕۆ لەگەڵمان بێن، ئیتر پاساوەکەیان هەرچی بوبێت، بایی ئەوە نەبوو ئەو سەردانە گرنگە هەڵبوەشێتەوە". . عەبدولستار مەجید جەختى کردووەتەوە، فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکگرتوو و شیوعی ئامادەبوون بۆ ئەو سەردانە، بەڵام هەر لە سەرەتاوە فراکسیۆنی پارتی و هاوپەیمانەکانی ڕەتیانکردەوە بەشداری لەو شاندەدا بکەن بە بیانوی ئەوەی کە کەرکوک داگیرکراوە. . جەمال حەوێز، سەرۆکی کاتی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانى کوردستان قسەکانی عەبدولستار مەجید رەتدەکاتەوە و بە ناس کوردی وت :"کێشەکە تەنها لەسەر کات بووە و دوێنێ کاک عەبدولستار بە منی وت کە کاتژمێر دووی ئەمڕۆ دەچین، بەڵام من کۆبوونەوەیەکی گرنگی تایبەت بە خۆمانم هەبووە و وتومە با بیخەینە ڕۆژێکی دیکە". . جەمال حەوێز، ئاماژەی بەوەشکرد، بە هەموو شێوەیەک ئامادەن بۆ سەردانکردنی کەرکوک، بەڵام کێشەکە تەنها کات بووە. . هاوکات لەبارەی بەشدارینەکردنی فراکسیۆنی پارتی لە لیژنەکەدا و ئامادەنەبوونیان بۆ سەردانیکردنی کەرکوک، پێشەوا هەورامی، وتەبێژی فراکسیۆنەکە بۆ ناس کوردی روونکردەوە "هەتا کەرکوک بەم دۆخەی ئێستادا تێپەڕێت و داگیرکراو بێت، ئێمە ئامادەنین بچینە ئەو شارە، چونکە کە چووین واتە شەرعیەت بەو داگیرکارییە دەدەین". . وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، دەستخۆشی لەو پەرلەمانتارانە دەکەن کە دەیانەوێت سەردانەکە بکەن و هیوادارن سودی هەبێت. . وتیشى " کێشەی کەرکوک لە بەغدا چارەسەر دەکرێت و بە سەردانکردنی کەرکوک چارەسەر نابێت و سودی نابێت". .