گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بەڕێوبەرایەتی باخچەکان و شارەزایانی  ڕووەکناسی ڕاى جیاوازییان هەیە

درەختی سەبەحبەح ژەهراوییە یان دۆستى ژینگەیە؟[تایبەت]

2019.08.22 - 18:42
App store icon Play store icon Play store icon
درەختی سەبەحبەح ژەهراوییە یان دۆستى ژینگەیە؟[تایبەت]

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس‌ کورد –هۆرڤان رەفعەت ماوەى دوو رۆژە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنراوە بە باس و خواسى ژەهراویبوونى درەختى سەبەحبەح کە لە شوێنە گشتییەکانى شارى سلێمانى روێنراوە و بەوتەى شارەزایەکى رووەکناسى "ئەو درەختە ژەهراویە و نابێت لەهەموو شوینێکدا بڕوێنرێت". . سەرچاوەى ئەو مشتومڕەى لەبارەى ئەو درەختەوە دروستبووە بۆ چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنى وریا نوری، پسپۆڕی بواری ژینگە دەگەڕێتەوە کە لە بەشێکى چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەى بەوە کرد "درەختی سەبەحبەح ژەهراویە و هیچ باڵندەیەکی لەسەر نانیشێتەوە، بکەوێتە خواردنەوە مرۆڤ دەکوژرێت". . بەرپرسانى بەڕێوەبەرایەتى باخچەکانى سلێمانى راى جیاوازیان لەو بارەیەوە هەیە و ئەو وتانەى لەبارەى ژەهراویبوونى ئەو درەختەوە دەوترێت دوور لە راستى دەزانن و رەتیدەکەنەوە درەختەکە هیچ کێشەیەکى بۆ مرۆڤ هەبێت و وەک هەوڵێک بۆ زیانگەیاندن لە نازناوى شارى سلێمانى لێى دەڕوانن. . هاوژین عوسمان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی بە ناس کوردی راگەیاند" ئێمە لە بەڕێوبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی کۆبونەوەمان لەسەر ئەو بابەتە کردوە و بۆمان دەرکەوتوە کە ئەو درەختە هیچ زیانیکی نییە و ئەو بابەتەی بڵاوکراوەتەوە تەنها بۆ چەواشەکردنە". . بەوتەى هاوژین عوسمان، ڕێژەی سەوزایی ستاندارد بۆ هەر شارێک لە ٪15یە و لە ئێستادا لەسلێمانى رێژەی سەوزایی گەیشتووەتە سەرو  لەسەدا ٪15.62 و ڕێژەی ستانداردی تێپەڕاندووە. . بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی، بەپێویستى دەزانێت هەر هاووڵاتى و گروپ و لایەنێک لەکاتى نەمام چاندندا سەردانى بەڕێوەبەرایەتییەکەى ئەوان بکەن بۆ ئەوەى رێنمایى پێویست و دارى گونجاو و شوێنى شیاویان بۆ دیارى بکەن و پڕۆسەى چاندنەکە ئەکادیمیانە بێت و رێژەی سەوزایی بەشێوەیەکی گونجاو زیاد بکات. . مامۆستایەکى زانکۆ  پشتیوانى لێدوانى پسپۆڕەکەى بوارى ژینگە لەمیانەى چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکە دەکات و جەخت لەسەر ژەهراویبوونى درەختى سەبەحبەح دەکاتەوە و هۆشدارى ئەوەش دەدات کە نابێت لەناو پارک و باخە گشتییەکاندا و لە باخى ناو ماڵەکان، بڕوێنرێت. . د.زەینەب سەباح، مامۆستای زانکۆی سلێمانی بۆ ناس کوردى روونکردەوە "ئەو بەرهەمەی درەختی سەبەحبەح بۆ منداڵان مەترسیدارە چونکە کاتێک بەرهەمەکە دەکەوێتە خوارەوە منداڵ نازانێت کە زیانی هەیە و ئەگەر هەیە بیخوات ئەویش ژەهراوییە و مەترسی هەیە کە منداڵ یان کەسی نەشارەزا توشی نەخۆشی بکات". . شارەزاکەى بوارى رووەکناسى نەیشاردەوە کە درەختەکە لەڕووى جوانییەوە زۆر جوانە و دیمەنێکى جوانى هەیە، بەڵام بەهۆى ژەهراویبوونەکەیەوە وا بەباش دەزانێت لەنێوان باخچەی شەقامەکان و سەر شەقامە سەرەکییەکان بڕوێنرێت نەوەکو لە شوێنە گشتییەکاندا. . لەبارەى درەختەکەشەوە، دکتۆر هەڵەت ڕەشید، ڕاوێژکاری ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە  دارەکە بە دۆستى ژینگە پێناسە دەکات و ئاماژەى بەوە کردووە، داری سەبەحبەح دارێکی دۆستی ژینگەیە و نیشتمانی سەرەکی ئەم دارە باکوری هیند و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە، تەمەنی ئەم دارە لە نێوان 150 بۆ 200 ساڵە، ئەم دارە لە هەموو جۆرە خاکێک سەوز دەبێت، تەنانەت لە خاکی لمیشدا توانای گەشەی هەیە، ڕەگی ئەم دارە زیاتر بە ئاسۆیی بڵاو دەبێتەوەو کەمتر بە ستوونی دەچێتە قوڵایی خاکەوە، رەگەکەیی بە 3 مەتر بڵاو دەبێتەوە بۆیە واباشترە لەکاتی چاندنی بە دەوری 3 مەتر لەگەڵ دارێکی تر بچێنێت. .