کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- کۆمپانیای ئەبوزەبی نیشتمانی بۆ وزە ڕایگەیاند، لقی کۆمپانیاکەى لە عێراق ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکردووە لە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەى نەوتی ئەتروش لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەوەش یەکەمجارە دوای دەستکردن بە بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیە لە ساڵی 2017دا. بەپێی ڕاگەیەنراوێکی کۆمپانیاکە، لە مانگی تەموزدا، تێکڕی بڕی بەرهەمهێنانی مانگانەی کێڵگەکەى ئەتروش گەیشتووە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت کە "ئەو ئاستەش لە بەرهەمهێنان بەهۆی پەرەپێدان و فراوانکردنی کارەکانمان بووە لە کێڵگەى نەوتی ئەتروش." . بەپێی داتاکانى کۆمپانیاکە، تێکڕی بڕی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەى لە کێڵگەى نەوتی ئەتروش دەگاتە 34 هەزار بەرمیل و ئەوەش بەشێک بووە لە پلانی کۆمپانیاکە لە ساڵی 2019دا. عەبدولخالق عامری، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیای تاقە لە عێراق بە ماڵپەڕی فەرمی کۆمپانیاکەى وتووە، "لە دوو ساڵی ڕابردوودا کارمان کردووە بۆ چاکترکردنی پڕۆژەکانمان و گەیشتن بە ئامانجەکانمان، زۆر شانازی دەکەم کە تیمە 300 کەسییەکەمان کە زۆربەى خەڵکی هەرێمی کوردستانە ئەو سەرکەوتە مەزنەى تۆمارکرد." کێڵگەى نەوتی ئەتروش دەکەوێتە قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک و یەکێکە لە کێڵگە نەوتییە گەورەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2011 بۆ یەکەمجار کێڵگە دۆزراوەتەوە و ساڵی 2017ش دەست بە دەرهێنانی نەوتەکەى کراوە.