گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەغدا هۆکاری نەناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکەی هەرێمی ئاشکرا کرد

2023.01.03 - 13:19
App store icon Play store icon Play store icon
بەغدا هۆکاری نەناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکەی هەرێمی ئاشکرا کرد

ناس کورد-

وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەى هۆکاری نەناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکەی هەرێم بۆ بڕیارەکانى دادگای باڵاى فیدڕاڵى و ماددەیەکى بودجەى 2021 و "وردنەبوون"ی راپۆرتى دیوانى چاودێرى دارایی لەبارەى خەرجییەکانى هەرێمى کوردستان گەڕاندەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   


بەگوێرەى نووسراوێکى فەرمى کە تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق لە 19ى کانوونى یەکەمى 2022 ئاڕاستەى ئەمینداریێتى گشتى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقى کردووە، هۆکارەکانى رەزامەندینەدانى بۆ ناردنى 400 ملیار دینارەکە بڵاوکردووەتەوە کە پێشتر حکومەتى فیدڕاڵى لە 13ى کانوونى یەکەمى 2022 بڕیارى ناردنى دابوو.

لە نووسراوەکەى وەزیرى داراییدا هاتووە کە دەبووایە بەگوێرەى ماددەى 10ى یاسای بودجەى گشتى 2021 شایستە داراییەکان لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدڕاڵى بۆ ساڵانى نێوان 2004 بۆ 2020 پاکتاو بکرێن، بەڵام ئەو هەنگاوە نەنراوە.

یەکێکى دیکە لە هۆکارەکانی نەناردنى 400 ملیارەکە بەگوێرەى نووسراوەکە بڕیارى ژمارە 59ى ساڵى 2012 و 110ى ساڵى 2019ى دادگەى باڵاى فیدڕاڵییە کە تێیدا جەخت لە گرنگى پاکتاوى دارایی نێوان هەولێر و بەغدا کراوەتەوە بەر لەهەر رێوشوێنێک، کە بگیرێتەبەر لەبارەى دیاریکردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى عێراقدا.

بەگوێرەى بڕیارى ژمارە 59ى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى عێراق کە لە 15ى شوباتى 2022 دەریکردووە و لە چوار بڕگە پێکهاتووە کە جگە لە هەڵوەشاندنەوەى یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان، داوایکردووە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان رادەستى بەغدا بکرێت و دیوانى چاودێرى دارایی عێراق وردبینى لە گرێبەستەکانى نەوتى هەرێمى کوردستان بکات و لەدواى جێبەجێکردنى سەرجەم ئەو رێکارانە لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە پشکەکەى لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى عێراق دیاریبکرێت.


هۆکارى سێیەمى نەناردنى 400 ملیار دۆلارەکە بەگوێرەى ئەو نووسراوە ئەوەیە کە لە 12ى کانوونى یەکەمى 2022 نووسراوێکى دیوانى چاودێرى داراییان پێگەیشتووە و تێیدا هەرێمى کوردستان داوایکردووە خەرجییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى 2021، بکرێتە 17 ترلیۆن و 703 و ملیار و 110 ملیۆن و 866 هەزار و 550 دینار، لە برى 12 ترلیۆن و 156 ملیار و 498 ملیۆن و97 هەزا دینار و ئەوەى بەبەڵگەى "ناوردى" ئەو راپۆرتە لەقەڵەمداوە کە لە لایەن دیوانى چاودێرى دارایی هەرێمى کوردستانەوە پێشکێش کراوە و نووسیوێتى: "ئەوە پێویستى بە بۆچوونى دیوانى چاودێرى دارایی عێراقە."

لە کۆتایی نووسراوەکەدا وەزیرى دارایی عێراق ئاماژەى بەوەشداوە، پێشتر وەزارەتى دارایی تێبینی هەبووە لەسەر بڕیارى هاوشێوە کە لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانەوە دەرکراوە کە تایبەت بوون بە خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.

ساڵى 2022 حکومەتى فیدڕاڵى عێراق دوو گوژمەى 200 ملیار دینارى وەک بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان ناردووە.