ناس كورد_
بەپێی ڕاپۆرتێکی چاودێری دارایی کەلەسەر داوای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئامادەکراوە، لەناو دیوانی پارێزگای سلێمانی کڕین و فرۆشتن بەچەند پڕۆژەیەکەوە کراوە و تەنانەت ئەو فەرمانبەرەی کە ویستویەتی ڕێگری لە فرۆشتنی پڕۆژەکان بکات و ئاشکرای کردوون لەجیاتی پاداشت سزا دراوە بەسزای ( سەرنج ڕاكێشان).
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕەمەزان نامیق، سەرۆکی لیژنەی پلان و پڕۆژەکانی، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە بڵاوكراوەیەكدا (26_12_2022) دەڵێت: دوای ڕاپۆرتەکەی چاودێری دارایی و بەدواداچونی بەردەوامی لیژنەکەمان و جەخت کردنەوە لە بونی بەڵگەی پێویست دواتر لەسەر ئەم کارە چەندین فەرمانبەر سزا دراون، کەئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کڕین و فرۆشتن بەپڕۆژەکانەوە کراوە بەئاگاداری چەندین فەرمانبەر و لێپرسراو لەناو پارێزگا.
هەر بەپێی زانیاریەکانی ناو ڕاپۆرتەکە پڕۆژەی تر هەبووە پسوڵە و حساباتەکانی ون بووەو دیار نەماوە و کەس نازانرێت چۆن جێبەجێکراوەو تێچووی چەند بووە، هەروەها پڕۆژە هەبووە هەتا تەواو کراوە ئەندامانی لیژنەی سەرپەرشتی پڕۆژەکە بێ ئاگابوون لەچۆنێتی جێبەجێکردنی و دەڵێن تەنها لەلایەن سەرۆکی لیژنەوە جێبەجێ کراوەو ئێمە بێ ئاگاین لێی و لەهەمووی خراپتر ئەوەیە هیچ بەراییەک نیە کە چۆن کێشەی ئەم جۆرە پڕۆژانە چارەسەر کراوە .
هەروەها دەڵێت: ئەوەی جێگە سەرنجە ئەو فەرمانبەرەی کە ئەم کڕین و فرۆشتنەی ئاشکراکردوە جگەلەوەی سزادراوە لەهەمان کاتدا بە هۆی فشارخستنەسەری و دژایەتیکردنی ناچاربووە مۆڵەتی بێ موچە بکات و واز لەدەوام کردن بهێنێت بۆماوەی چەندساڵێک.
ئەوەشی خستوەتەڕوو: چەندین جیاوازی لەنێوان ئەندازیاراندا دەکرێت و بەوهۆیەوە چەند ئەندازیار لەناو دیوانی پارێزگادا هەیە پشت گوێ خراون و سەرپەرشتی کردنی هیچ پڕۆژیەکیان پێ نادرێت بۆجێبەجێکرن بەشێوەی ( تنفیذ مباشیر ) بەڵام چەندین ئەندازیاری تر هەیە لەهەمان شوێن بەردەوام پڕۆژەیان پێ دەدرێت.
هەربەپێی ڕاپۆرتەکەی چاودێری دارایی دەرکەوتووە جیاوازییەکی زۆر لەدەرماڵەی فەرمانبەران هەیە کەیاسایی نین و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی ناوخۆیان لێ ئاگادار کراوە کە لیژنەی لێکۆڵینەوە دروست بکرێت و کەسی کەمتەرخەم سزابدرێت .