گه‌ڕان

Shadow Shadow

بیروڕا

تۆپی پێ لە پێی ژەنراڵەکانی شەڕی نێوخۆدا.. وردەمێژوویەکی پەراوێزکەوتوو

2022.12.18 - 19:05

هەردی مەهدی

ناس کورد-

کاتێک قسە ڕەسمییەکان باسی سەردەمێکی چارەنووسسازی لە مێژووی گشتی دەکەن، ئیدی "سەردەمە مێژووییە کەمبایەخەکان" دەخرێنە پەراوێزەوە و لە باشترین حاڵەتیاندا هیچ جۆرە دەرکەوتنێک لە ئۆقیانووسی نووسینەوەی مێژوودا جێناهێڵن. ئەڵبەت ئەمە ڕێگا ڕاستەکە نییە، بە دڵنیایی ڕەنگە مێژووی گشتی و قەبە، وێنەیەکی گشتیی باو و گێڕدراوە بخاتە بەردەست، بەڵام هەرگیز وێنە ڕاستەقینەکە دەرناخات و ئەوەی گۆڕانکارییە مەزنەکان ئاراستە دەکات، وردەمێژوو و جوڵەی گرووپە پەراوێزخراو و سەردەمە بە کەمسەیرکراوەکان و مرۆڤە دەستخاڵییەکانن، ئەوان دروستی دەکەن بەڵام مێژووە گشتی و سیاسییەکان ئەمانە نانووسنەوە و بە کەمبایەخ لێیان دەڕوانن یان لانیکەم ناتوانن بپەردەچێنە سەر ئەو وردەکارییانە!

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئێستا دەرفەتێکی باشە بە بیانووی مۆندیالی ٢٠٢٢ی قەتەرەوە، لە پەنای مێژووی ڕەسمی تۆپیپێی کوردستاندا، گوڵچنێک لە مێژووی پەراوێزخراوی هەمان مێژووی وەرزش لە کۆتا دەیەی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیستویەکدا بکرێت، یەکەم: بیری نەوەی خۆمانی بخەینەوە و بە خۆمان بڵێین چەند مەزڵووم و هەمانکات چەند چالاک بەڵام ڕەنج بەخەسار؟ دووەم: بیری نەوەی شۆڕشگێڕ و سیاسییە بەبازرگانبووەکانی پێش خۆمانی بخەینەوە چۆن مێژووی نەوەی دوای خۆیانیان قۆرخکرد و ڕەنج و مێژووی یەک نەوەی دەستخاڵی و بێپێڵاو و بێ گیرفانیان کردە مێژووی خۆیان و لە ئەدەبیاتی مێژووی ڕەسمیدا بەناویانەوە کرا، لەکاتێکدا پاڵەوانی ڕاستەقینە هەر ئەو پەراوێزخراوانە بوون چ لە هاندەران و چ لە یاریکەران و چ لە کارسازانی بوارەکە. لەم نووسینەدا لە چەند وێستگەیەکی یادگەی خۆمدا وەستاووم و لە تێهەڵکێشی سەردەمێکی تاریک(ڕابردوو) و بیرەوەریی مناڵی و نەوجەوانیم (وەک نموونەی نەوەیەک) و کاراکتەرە ناوەرزشیە کاریگەرەکان لەسەر وەرزش (جەنراڵەکانی شەڕی نێوخۆ)، سێکوچکەیەکم دروستکردووە و لەو ڕێگەیەوە مێژوویەکی پەراوێزکەوتووی تۆپیپێم بەتامی هەرێمم لە نۆستاڵجیای نەوەدەکان بۆ چنیوون، کە تەریبی مێژووی ڕەسمیی پڕ شکۆ و شانازیەکان، مێژووە پەراوێزیی مێژووی قوربانی و دەستخاڵیەکانە. (ئومێد دەکەم هەرکەس یادەوەرییەکی زارەکیی لەم شێوەیەی هەیە بیخاتە سەر کاغەز)

١. وەرزشکار وەک کەمتەرخەم و ناڕۆشنبیر
لە مێژووی وردی کۆمەڵایەتی و کۆیادەوەریی کۆمەڵگەی دەیەی نەوەدەکاندا، ئەهلی تۆپ و یارییەکانی قاچ و بازوو، ڕێک بەرامبەر ئەهلی قەڵەم و خوێندەواری و "ڕۆشنبیربوون" وەستابوونەوە، واتە نەوەدەکان هەرکەس سەرقاڵی یاریکردن و وەرزش بووایە، ئیتر بە ئەهلی قەڵەم لەقەڵەم نەدەدرا، ئەگەر باوکێک کوڕەکەی زیرەک نەبووایە، ئەم تەمەڵییەی کوڕەی دەکردە خەتای تۆپ و قاچوقولی و دەیووت "سەعی ناکات و تا نیوەشەو بە شۆرتێکەوە لە ساحە نایەتەوە"، کتێبخوێن و یاریکەران لە دووجەمسەری پێچەوانە بوون. پێچەوانەی ئێستا، کە سەردەمەکە گۆڕدراوە و هەم وەرزش و هونەر پسپۆڕییەکی پێویستن و هەم یاریەکانیش بە نیوەشەودا دەکرێن، هەم بەخێوکاران خۆیان مناڵەکانیان دەبەنە یاریگا نەفرەتییەکانی جاران.

بۆ هونەریش بە نزیکی ئەم هاوکێشەیە ڕاست بوو، تەنانەت لە پەروەردەی ڕەسمیشدا، وەرزش و هونەر و دەرسی "شاغر" هاوواتای یەک بوون، بەگشتیش یان مامۆستایان هەر نەبوو، یان بە قسەی خۆش و چوونەدەرەوە و "خۆبەخۆردان" مامۆستایەکی ناپسپۆڕ یان کەمتەرخەم سەعاتی بەشەوانەی خۆی پێ پڕدەکردەوە.

ئەوسا و ئێستاش لای من وەرزشە بێغەلوغەشەکە ئەوە نییە لە زەینمدا وێنام کردووە، بە تایبەت تۆپی پێ، لای من تۆپەکان شتێکن لە هەست وەک وشەکان لە شیعردا، وەک چۆن وشەکان دەبێت حەسوودی بەیەک بەرن و یەک یەک بۆ هەستی "گۆرانی شاعیر" سەرەبگرن بۆ ئەوەی بیانکاتە مۆزەی نەمریی و لە نێو دێڕێکی ئاواودا جێیان بکاتەوە:

وەختێ کە ئەکەی چەشنی نەسیم لەنجە بەرەوماڵ
ئەگریجەی تەڕ پەخشە لەسەر کوڵم و خەت و خاڵ

ڕێک ئاواش لە تۆپەکانی دەڕوانم کە دنیا حەسوودی بەیەک دەبەن تا ئەم ئەندامێکی جەستەی مارادۆنا بەریان بکەوێت و شانازییەکیان بۆ تۆمار بکات، ئاخر ڕەنگە بۆ مارادۆنا وشەی تۆپی پێ کەم بێت، ئەو تاقانە یاریکەرە کە نەک هەر بە قاچ بە دەست و سەر و سنگ و سمتیش گۆڵی بەهەردەر نەداوە، قیبلەی تۆپەکان خۆی بوو.

 

چێژی جوانی لە هەر شوێنێکدا هەبێت فەرق ناکات، دەبێت دوای بکەویت، هێمنی موکریانی وتەنی:

جیلوەیی جوانی لە هەرچیدا هەبێ خۆشم دەوێ
ڕۆژێ کوشتەی مینی ژۆب و ڕۆژێ گیرۆدەی شەدەم

یاری ئاوایە، دەبێت واش بیت بۆی، تۆپی پێ یەک ڕۆمانی گەورەیە، هێشتا ڕۆماننووسەکە لە گێڕانەوەی نەبووەتەوە یان ڕەنگە هەر مردبێت و هەرکەس لای خۆیەوە بە جۆرێک تەواوی بکات، بەڵام لە هەر جێیەکەوە دەستپێبکەیت دەروازەکەیەتی، بۆ کۆتایی ڕۆمانەکە نازانم؟ ڕەنگە یەکێک بە شادییەوە تەواوی بکات وەک ئەوانەی کاسەکە بەرزبکەنەوە و هەندێکیش بە ستەمی زەمانە و سەرمایەدارەکان بەزۆر کۆتاییەکی غەمگین بکەنە نسیبیان (وەک ڕیکیلمێ و ڕۆماریۆ). یان ئەوی دی وەک ڕۆناڵدۆیەک کامێراکان بۆ پۆزێکی، نۆرەیان بۆ دەگرت و ئێستا بۆ گریانەکانی! هەندێکی دیکەش وەک شەڕی خێر و شەڕ و هەندێکیش وەک جەنگی شوناس! هەندێکیش وەک سەیرکەری جوانی و چێژبینین. بە بڕوای من ئەمانەی دوایی لە هەمووان بگرە لە پاڵەوانەکانی تۆپیپێش براوەترن، لای ئەمان وەرزش ڕاوگەی جوانییەکانە، ئەمانیش ڕاوچیی چرکە نەمرەکانن(خوایە لەوانە بمانگێڕیت).

زۆرێک هاندەران، تۆپی پێ هێندە لەگەڵ هەست و هەڵچوونەکانیاندا تێکەڵ دەبێت، جوانی و هونەرکاریی پاڵەوانێکی وەک مارادۆنا دنیای ڕاستەقینە و ئاین و سیاسەتیان بیردەباتەوە، بە ڕادەیەک پەرستگای بۆ دەسازێنن و دەیپەرستن، وەک ئەوەی کرا. خۆ گەر جادووی مێسی نەهاتایەتە کایەوە، ئەوا هەم ئەم نەوەیە بتی مارادۆنای بە ئاسانی نەدەشکێنرا و خودی مارادۆناش لە "خوایەتی تۆپی پێ" نەدەکەوت، مێسی هەم توانای مرۆڤایەتی لە بەرهەمهێنانەوەی مارادۆنایەکی دیکی لە ئەستەمەوە کردەوە مومکین و ئەم نەوەیەشی ئومێدەوار کردەوە بە تۆپ و جوانی و چێژەکانی. ئاخر ناهەقیان نەبوو مارادۆنا بە چەپی و ڕادیکاڵیتی خۆی نووسەر و ڕۆمانننوسێکی ڕاستی وەک یۆسا-ی ئەبڵەقی خۆی کردبوو، لای ئەو "مارادۆنا بتێکی زیندووە، مرۆڤ خۆی درووستی کرد تا بە هۆیەوە ستایشی خۆی بکات".

تۆپی پێ ئاوایە. ئاخر نابێت لە هاوڕێیەتی تۆپدا، بەدوای بەڵگە و لۆژیی فیزیایی و پزیشکی و کیمیاییدا بگەڕێیت، ئەوە یاساکەیەتی گەر دەتەوێت چێژی لێوەربگرت. چێژ لە شێتییەکی جوان، چێژ لە بتی تۆپ کە ٢٢ یاریکەر خۆیان دەیکڕن و دەیخەنە نێوەڕاستی یاریگا و بەدوایدا ڕادەکەن و بۆیان ناگیرێتەوە! بۆ سبەی و دووسبەی و ساڵانی دادێش هەمان سرووت دووبارە دەکەنەوە! ئەمەیە گرێ و جادووی "بتی تۆپ"! نووسەری مەکسیکی (خوان بیۆرۆ) کاری ئەدەبی و یاری تۆپی پێ هاوشێوە نیشان دەدات و دەڵیت: گەرچی دوو دنیای لەیەک جیاوازن، بەڵام "هەردووکیان لە گرەوی وروژاندنی هەستەکان" دان، ڕاست دەکات ئەم دوو بوارە بەردەنگ(مخاطب)یان پێش عەقڵ، سۆز و هەست و هەڵچوونەکانی مرۆڤە.

وەرزش لەوێ ئاوا بوو، با ئێستا بچمەوە نەوەدەکانی لای خۆمان (ڕێک ئەوکاتەی تۆپی پێ ئەستێرەکانی وەک باجیۆ، مارادۆنا، باتێستوتا، ڕۆماریۆ و ڕۆناڵدۆیان پێشکەشی جیهان دەکرد) و بچمە سەر گرێدانەوەی یادەوەری خۆم بە دوو کوچکەکەی ژەنراڵەکانی شەڕی ناوخۆ و زەمانەکەی ئێمە. بزانین لێرە چییان گوزەرا؟

٢. وەرزش لە جەمسەربەندی سیاسەتدا
پاش ڕاپەڕین، وەرزشکاران، وایان دەزانی ئیتر کاتی هەناسەیەکی ئازاد و خۆنواندنە، وەک گەلانی دنیا، چییان لەو عالەمە کەمە؟ خەیاڵەکە خاو بوو، عومری پەپولەیەکی هەبوو! ئاخر "شۆڕشگێرەکان" هاتنەوەوە نێو شار و وەک نەدی و بدی دەستیان بەسەر هەموو شتێکدا گرت عەرزەوە تا ئاسمان، خۆیان وتەنی لە "نەوتەوە تا جەوت"، ئەی خۆ چی لە وەرزش و تۆپ ئاسانتر، تۆپ هەر بۆ تێهەڵدان باشە، هەر بەو دیدگایەوە، ڕێک پاش بەرەی کوردستانی، هەر حزبە و دەستی بەسەر چەند یانەیەکدا گرت، پاشان بەرپرسەکان هەریەکە و یانەی خۆی وەک بەشە غەنیمەتی شەڕ هەڵگرتەوە، شۆڕشگێڕ ئەوە بوو یانەیەکی بەناوەوە بکرێت، ئیتر هیچ نەمایەوە بۆ وەرزشکار، هەر بەرپرسە کەتافییەکی لەبەردەکرد و دەمانچەیەک لەقەد و بە چوار قەڵەمی بەکارنەهاتووی سەرباڵێکیەوە، ئێواران خۆی دەکرد بە یانەیەکدا و پلان و بەرنامەی پێنجساڵەی دەکێشا (ئێوە باوەڕ بەم قسەیەم مەکەن و ئاوا بیخوێننەوە: هەر بەرپرسێک وەک باخێکی خۆی وەک خانووەکەی وەک موڵک و کوڕەکانی، وەک ژنەکانی، وەک تۆڵەی ئەو هەلانەی بەعس لێی زەوتکردبوو سەیری یانەکەی دەکرد و چێژی لێوەردەگرت و هەڵیدەسوڕاند)!

ئەم دۆخە زۆری نەبرد شەڕی نێوخۆی بەسەردا هات و هەموو باشوری کوردستانیان لە چەک و جبەخانە و جامانە و فیشەک و ئاسمان و ڕێسمان و زەوییان دابەشکرد، وەک چۆن قوتابی و ئافرەت کەوتە لای پارتی، خوێندکار و ژنیش بۆ یەکێتی، یانەکانیش هەر ئاوا: هەولێر و دهۆک بۆ پارتی و سیروان و کەمال سەلیم بۆ یەکێتی، جیهاد و ڕاستی(یان هاوکاری) بۆ بزوتنەوە (چونکە بزوتنەوە هاوپەیمانی پدک بوو)، ئاسۆ و ئاشتی و پەیامیش بۆ یەکگرتوو، (چونکە ئەم وەک هەمیشە لە هەردوولا هەبوو!). یانەش هەبوو، هی هەولێر بوو بەڵام تەنها لەدەڤەری سلێمانی بۆی هەبوو یاری بکات وەک برایەتی(چونکە هی کاک کۆسرەتی بوو). یانەش هەبوو، بە کاملی بندیوار یان لە مەنفا بوو، بۆ نمونە یانەی هەورامان لە خورماڵ، زۆرێکی کادیرانی پارتیی هەڵەبجە لەوێدا ڕازی کرابوون، بەڵام ئەم تەنها لەگەڵ تیپی دەفرەفڕیوەکان و جنۆکەکانی مەلاعەلی کەڵەکدا یاری دەکرد، بۆیە هەرگیز نەبینرا، بە ئیمتیازات نەبێت!

دواتر مۆدێلی بەڕێوەبردن و دیدگای وەرزشیی گۆڕدرا، بەرپرسی یانەکان لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەدەی بیستویەک و شۆڕشی تەکنۆلۆژیای سمارتدا، ئەمانیش وتیان با دوانەکەوین، دیدگایان لە پشتیوانی و پاڵپشتی ماددیی یانەکانەوە گۆڕدرا، بۆ هەڵگوشینی یانەکە و سپیکردنەوەی پارە و زەویخۆری و بەبیانووککردنی یاریکەران وەک قەڵغانی کۆکردنەوەی سامان، ئەوەبوو هەر سێکتەرە بوو یانەیەکی بەناوە دەکرایەوە، پێشمەرگە و ئاسایش و سەرجەم هێزەکان و بوارەکان... هەر یانە بوو دەکرایەوە، ڕێک وەک کۆمپانیاکانی ئێستا کە بەلێشاو دەکرێنەوە و زەوییان بەناوەوە دەخورێت. ئیتر باوی ئەوە بوو زەوی و پارە بەناوی یانەکانەوە و بە بیانووی کۆمەکی وەرزش و وەرزشکارانەوە وەردەگیرا و چۆڕێکی کەمی دەردرا بە یاریکەران، نیوەی یاریکەران پاتەی لاستیکیان لە پێدا بوو بەڵام بەرپرسەکەیان بە سێ لاندکرۆزەرەوە دەهاتە حەوشەی یانەکە! ئەمەش تەواو بوو، مۆدێلی زەویوەرگرتن هاتەگۆڕێ بە هێکتار و دۆنم بە ناوی یانەکانەوە، بەڵام بە هاوڵاتیان دەفرۆشرایەوە و بەمەرجێ وەک یاریکەر خۆی تۆمار بکات.

ئێستاش هەیە دەپرسێت بۆ وەرزش لە کوردستان پێش ناکەوێت؟

٣. هاندەران پەراوێزکەوتووانی مێژووی تۆپی پێ (خۆم بە نموونە)
با نەیشارمەوە، لەگەڵ ئەوەی هەمیشە تۆپێک هاوڕێم بوو، تیپ و تۆپ و ساحە و هاوڕێی باشم هەبوو، سەرکەوتوو نەبووم لەوەی وەرزشکارێکی باش بم، ئەمەیان ڕەنگە خۆم تیامدا نەبووبێت، بەڵام با بیکەمە خەتای ئەم شتانە:- بەسەریەکەوە تەنها لە ماوەی چوار ساڵدا: دەستم شکا، دووجار نەخۆش کەوتم و عەمەلیات کرام، هەریەک لەمانە بە ٢٠ ڕۆژ بۆ مانگێک لانیکەم لە ساڵەکەدا لە ماڵەوە منیان خستە سەرجێ، وازم لەو خەونە هێنا. ئیتر بوومە هاندەرێکی تۆپی پێی سەرکەوتوو، لە باشترین ئەستێرەکانەوە نزیک بووم، کەچی نەوەی پێشوو و سیاسەت نەیانهێشت لەوەشدا بگەمە کۆتا! ئێستا مەگەر جادووەکانی میسی و یادگارەکانی مارادۆنا جارجارە پشکۆی قەقنەسئاسای وەرزشیم بگەشێننەوە. ڕەنگە بڵێن جا هاندەری چییە؟ وانیە هاندەری واتە خۆ بە "یاریزانی دوانزەیەم" زانین، موڵکایەتیکردنی تیپێک، یانەیەک و هەڵبژاردەیەک بێ ئەوەی بست و فلسێکی هی تۆ بێت! بە یاریکەرێکدا هەڵدەڵیت و دەیکەیتە پاڵەوان و ئەوی دی دەدەی بە زەویدا، لەم توڕە دەبیت و بەدەم ئەوەوە پێدەکەنیت، لە نێوان گێمەکاندا دەچیتە لای کاپتن و یاریکەران و بگرە ئامۆژگاریشیان دەکەیت! ڕەنگە هەموو ئەمانە لای ئەوان فشە و قسەی نێوخاڵی بن، بەڵام گرنگ ئەوەیە لای خۆت هەم یاریکەری دوانزەیەم و هەم هەموو ئەوانەی باسم کردن، ئیتر عالەمەکە چی دەڵێن کەیفی خۆیانە. خۆ کە تیپەکەت دەیباتەوە تۆ لە گۆڵکارەکە و گۆڵچیەکەش زیاتر مکوڕ و بەخۆنازینت دەبێت!

بەداخەوە هاندەریشم بۆ نەگەیشتە کۆتا گەر ئەوی تریان خەتای نەخۆشی و جەستەم بووبێ، ئەمەیان خەتای سیاسەت و شەڕی نێوخۆ و جەمسەربەندیی زەمانە بوو... هاندەری یانەی هەڵەبجە بووم کە ببووە دووەمین یانەی هەرێمی کوردستان، بەڵام شەڕی نێوخۆ هەڵەبجەی کردە دارولهیجرەی "موجاهیدین"ی بزوتنەوە و "پێشمەرگە"ی پارتیی و کارگێڕیی یانەی هەڵەبجەش نزیک بوون لە یەکێتییەوە، بەوشێوەیە، یانەکە بەنزیکەیی نەما یان هەر ناو بوو. بەداخەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ تا ئەمڕۆ پاشەوپاش دەکشێتەوە! پاش ئەوە دەبوو ببمە هاندەری یانەی تازەی پەیام، لە یەکەمینەکانی دەڤەرەکە بوو، بەڵام ئەوە دادی نەدا و سیاسەتی یەکێتیی تۆپی پێ (تۆ بڵێ یەکێتی نیشتمانی) ڕەحمی پێنەکرد، بەتایبەت سەرکردەیەک کە لە لێدوانی فەلسەفی ناوەندەکانی هزرەوە تا لێدانی پێناڵتیەکانی بەدەست بوو و قسەی تێدا دەکرد، ئامر و ناهی خۆی بوو، پەیامی داخست، ئیتر هەر تیپەکانی کوردستان و شەهیدان و جارجارەش شنروێ-مان بۆ مایەوە و بەمانەش تۆڵەی خۆمان لە تیپی حزبەکانی دیکە و شارەکانی دیکە دەکردەوە.

لەو مێژووە کورتەی منێکی پەراوێزکەوتووی نێو دنیای وەرزشەوە بیگرە، بۆت دەردەکەوێت کە وەرزش و تۆپ و یاریکەران و هاندەران چەند قوربانی دەستی سیاسەت و ئەزموونی هەرێمی کوردستان و شەڕی نێوخۆن.

ئێستاش هەر دەپرسیت بۆ وەرزش لە کوردستان وەک وڵاتان پێشناکەوێ؟ بۆ پاڵەوانەکانمان عومری پەپولەیەکیان هەیە؟