ناس کورد-
سەرۆکی لیژنەی پلان و پڕۆژەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بەداخەوە چەندین ساڵە ناوە ناوە مژدەی دروستکردنی پردی تووەقوت و پردی سازان بەگوێی هاوڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجەدا دەدرێت بەبێ ئەوەی ئاگاداری وردەکاری پڕۆژەکەدابن کەچی بەسەرهاتووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕەمەزان نامیق لە ڕوونکردنەوەیەکدا لەبارەى چارەنوسی پڕۆژەکە نوسیویەتی، "دوای ئەوەی هەستمان بە ناڕوونی و چەند گومانێک کرد لەم پڕۆژەیە، لە سۆنگەی بەرپرسیارەتیمان داوای لێکۆڵینەوەمان لە پڕۆژەکە کرد بۆئەوەی هەموان ئاگاداربن کە مەسیری ئەم پڕۆژەیە بەرەوکوێ دەڕوات و بۆچی جێبەجێ ناکرێت."
دەشڵێت، بۆیە لیژنەکەمان ڕاپۆرتێکی وردی ئامادەکردووە و چەندین کەم و کوڕی لەپڕۆژەکەدا دەستنیشان کردووە کە بە ئاشکرا حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار پێشێلی ڕێنماییەکانیان کردووە لەوانە:
١- دە کۆمپانیا بەشدارییان لەپڕۆسەی تەندەرینی پڕۆژەکە کردووە و پاشان پشکنینی بەرایی تەندەرەکان سێ لەو کۆمپانیا دورخراوەتەوە و تەنها حەوت کۆمپانیا چونەتە کێبڕکێی وەرگرتنی پڕۆژەکە.
٢- پاش ئاشکراکردنی تەندەرەکان پڕۆژەکە بەهابەشی بۆ هەردوو کۆمپانیای (ساکۆ و سەرسیر) دەرچووە بە گوژمەی نزیکەی ( ۲۸ ) ملیار دینارو کەسرێک ، بەڕێژەی ( ٦٥ ٪ ) بۆ کۆمپانیای ساکۆ و ڕێژەی ( ۳٥ ٪ ) بۆکۆمپانیای سەرسیر بەشێوەی ( Joint Ventue ) بۆماوەی ( ۷۲۰ ) ڕۆژ.
۳- پڕۆژەکە لە ۱۱ / ۱ / ۲۰۲۲ ئیحالەی هەردوو کۆمپانیای ناوبراو کراوە بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە دواتر وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەسەر داواکاری لایەنی جێبەجێکار نوسراوی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە ڕەزامەند بن بەجێبەجێکردنی پڕۆژەکە جگە لەبڕگەی ( پردی سازان ) بەزیادکردنی گوژمەی پڕۆژەکە لە ( ۲۸ ) ملیار دینارو کەسرێکەوە بۆ نزیکەی ( ۳۰ ) ملیاردینار و نیو زیادکراوە ، واتە : ( هەم دروستکردنی پردی سازان لە پڕۆژەکە دەربکرێت و دروست نەکرێت هەم بودجەی پردی تووەقوت زیادبکرێت ) ئەمەش بەو مانایە دێت کە پڕۆسەی تەندەرینەکە کاری پێ نەکرێت و ڕاستەوخۆ پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت لەلایەن هەردوو کۆمپانیای ناوبراو بەنرخی خەمڵێنراوی پڕۆژەکە بەبێ ئەوەی هیچ ڕونکردنەوەیەک بدرێت کە ئەم گۆڕانکاریانە چۆن کراوە.
٤- دوای ئەم ڕێکەوتنە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەکۆتایی مانگی حەوتی ئەم ساڵ ئاگاداری هەردوو کۆمپانیای کردووە کە پڕۆژەکەیان پێ سپێردراوە جگە لەپردی سازان بە گوژمەی نزیکەی ( ۳۰ ) ملیار دینار ونیو،لەکاتێکدا ئەو حەوت کۆمپانیایەی کە چونەتە پڕۆسەی تەندەرین ئامادەبوون زۆربەکەمتر لەو نرخە پڕۆژەکە جێبەجێ بکەن پردەکەی سازانیشەوە.
٥- تائێستا نازانرێت بۆچی پڕۆژەی دروستکردنی پردی سازان لە بڕگەی تەندەرەکە دەرهێنراوە و جێبەجێ ناکرێت؟!
٦- لەڕاپۆرتەکەدا چەندین پێشلکاری تر ئەنجام دراوەو کار بە ڕێنماییەکانی حکومەت نەکراوە،بۆیە چاودێری دارایی بەئامادەبونی نوێنەری داواکاری گشتی داوای لیژنەیەکی پسپۆڕ و شارەزای کردووە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە سەر ڕێکارەکانی ئیحالەکردنی پڕۆژەکە و ئەو سەرپێچیانەی کەکراون و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە سەرپێچیان کرووە.