گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نێچیرڤان بارزانی داوایەکی بەپەلە لە یەکێتی و پارتی دەکات: هەڕەشە و مەترسی

2022.12.17 - 13:17
App store icon Play store icon Play store icon
نێچیرڤان بارزانی داوایەکی بەپەلە لە یەکێتی و پارتی دەکات: هەڕەشە و مەترسی

ناس کورد-

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هۆشداری دا کە ناوچەکە لەژێر هەڕەشە و مەترسیی جدیدایە، بۆەیە داوا لە لایەنەکان، بە تایبەت یەکێتی و پارتی دەکات یەکڕیز و تەبا بن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا کە لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزی کۆماندۆی یەکێتی لەلایەن نوێنەرەکەیەوە خوێنرایەوە دەڵێت، "ئه‌مڕۆ له‌ كاتێكدا ناوچه‌كه‌ به‌گشتى به‌ دۆخێكى ئاڵۆز و نائاراميدا تێده‌په‌ڕێت و هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسيى جدديدايه‌، له‌ هه‌موو كاتێك زياتر پێويستيمان به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و قبووڵكردنى يه‌كتر و پێكه‌وه‌كاركردنى نێوان هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كان به‌گشتى و ته‌بايى و يه‌كڕيزيى پارتى و يه‌كێتى به‌تايبه‌تى هه‌يه‌. مانه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتن و پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نيا به‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزيمان ده‌كرێت. هێز و ئاماده‌يى و سه‌نگ و قورساييمان له‌ به‌غدا و لاى هاوپه‌يمانان و دۆستانمان له‌ جيهان، به‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزيمان ده‌بێت."

 

دەشڵێت، "دابڕان و لێكترازان و ناكۆكى و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى يه‌كتر، شكستى هه‌موومان و شكستى هه‌رێمى كوردستانه‌. هه‌رێمى كوردستان و هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كان و پارتى و يه‌كێتى به‌تايبه‌تى، به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى سه‌رده‌كه‌ون. شكستى هيچمان سه‌ركه‌وتنى ئه‌ويتر نييه‌. سه‌ركه‌وتن و شكستى هه‌موومان پێكه‌وه‌يه‌. له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييدا، هه‌موومان و هه‌موو گه‌لى كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ براوه‌ و سه‌ركه‌وتوون. له‌ ناته‌بايى و دابڕان و لێكترازان و ناكۆكى و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى يه‌كتردا، هه‌موومان دۆڕاو و شكستخواردووين."

 

دەقی پەیامەکە:

خانه‌واده‌ و كه‌سوكار و هاوڕێيان و هاوسه‌نگه‌رانى شه‌هيد ئاكام،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
سڵاوتان لێ بێت،
هه‌موو لايه‌كتان به‌ خێر بێن.

ئه‌مڕۆ هه‌موومان پێكه‌وه‌ له‌م ڕێوره‌سمه‌ خه‌مگينه‌دا به‌شدارين بۆ ئه‌وه‌ى ڕێز و پێزانين بۆ خه‌بات و قوربانيدانى گه‌نجێكى فه‌رمانده‌ نيشان بده‌ين و هاوخه‌مى و هاوسۆزى له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ و كه‌سوكار و هاوسه‌نگه‌ران و هاوڕێيانيدا دووپات بكه‌ينه‌وه. ئه‌م فه‌رمانده‌ لێهاتووه‌، له‌ ئه‌ركى نيشتمانيى پاراستنى كوردستاندا، گيانى به‌خشى و شه‌هيد بوو. شه‌هيد ئاكام عومه‌ر فه‌رمانده‌ى بوێر و چاونه‌ترسى هێزه‌كانى كۆماندۆ، وه‌كوو هاوسه‌نگه‌ران و هاوڕێيانى لێى ده‌گێڕنه‌وه‌، هه‌ميشه‌ خۆى له‌ ڕيزه‌كانى پێشه‌وه‌ى به‌رگرى له‌ كوردستان بووه‌ و قه‌ت نه‌يهێشتووه‌ پێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامانى ديكه‌ى هێزه‌كه‌ى، پێش ئه‌و بگه‌نه‌ به‌ره‌‌كانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دوژمن.

ئه‌و به‌ گيانێكى نيشتمانيانه‌ و به‌ ئاكار و ڕه‌وشتێكى به‌رز و به‌ بڕوا‌ى به‌تينى به‌ گه‌ل و وڵاته‌كه‌ى، هه‌ميشه‌ ئاماده‌ى قوربانيدان بووه‌ و دواجاريش هه‌ر وا كه‌وته‌وه‌ و له‌ ئه‌ركى به‌رگرى و پاراستنى كوردستاندا دژ به‌ تيرۆرستان شه‌هيد بوو. دووباره‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيى قووڵمان ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ و كه‌سوكار و هاوسه‌نگه‌ران و هاوڕێيانى ده‌كه‌ين و هاوبه‌شى خه‌م و په‌ژاره‌تانين. له‌ خواى مه‌زن داواكارين گيانى شه‌هيد ئاكام به‌ به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وايى به‌ هه‌مووان ببه‌خشێت. هه‌روه‌ها لێره‌دا سڵاو بۆ گيانى پاكى هاوڕێى شه‌هيد، شه‌هيد مولازم زوهێرى هاوسه‌نگه‌رى ده‌نێرين.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..

مێژووى گه‌لى كوردستان، مێژوويه‌كى پڕ سه‌روه‌رييه‌، به‌ قوربانيدان و خوێنى هه‌زاران شه‌هيد و فرمێسك و ئازارى هه‌زاران دايك و باوكى جگه‌رسووتاوى ئه‌م وڵاته تۆمار كراوه‌‌. ئازادى و ده‌سكه‌وته‌كانى ئه‌مڕۆى گه‌لى كوردستان، قه‌واره‌ى سياسى و فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستان، به‌رى ڕه‌نج و خه‌بات و قوربانيدانێكى بێ وێنه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كانى گه‌له‌كه‌مانن‌. ئێمه‌ هه‌موومان قه‌رزارى خوێنى شه‌هيدان و ئازار و قوربانيى خانه‌واده‌كانيانين. لێره‌وه‌ به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى ئه‌و قاره‌مانانه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌ گيانى پاكيان خاك و گه‌لى كوردستانيان پاراست. باشترين وه‌فادارى بۆ شه‌هيدان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزيان، پاراستنى ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى گه‌لى كوردستانه‌ كه‌ به‌ خوێنى ئه‌وان به‌ده‌ستهاتوون.

به‌ڕێزان،

ئه‌مڕۆ له‌ كاتێكدا ناوچه‌كه‌ به‌گشتى به‌ دۆخێكى ئاڵۆز و نائاراميدا تێده‌په‌ڕێت و هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسيى جدديدايه‌، له‌ هه‌موو كاتێك زياتر پێويستيمان به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و قبووڵكردنى يه‌كتر و پێكه‌وه‌كاركردنى نێوان هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كان به‌گشتى و ته‌بايى و يه‌كڕيزيى پارتى و يه‌كێتى به‌تايبه‌تى هه‌يه‌. مانه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتن و پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نيا به‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزيمان ده‌كرێت. هێز و ئاماده‌يى و سه‌نگ و قورساييمان له‌ به‌غدا و لاى هاوپه‌يمانان و دۆستانمان له‌ جيهان، به‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزيمان ده‌بێت.

دابڕان و لێكترازان و ناكۆكى و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى يه‌كتر، شكستى هه‌موومان و شكستى هه‌رێمى كوردستانه‌. هه‌رێمى كوردستان و هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كان و پارتى و يه‌كێتى به‌تايبه‌تى، به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى سه‌رده‌كه‌ون. شكستى هيچمان سه‌ركه‌وتنى ئه‌ويتر نييه‌. سه‌ركه‌وتن و شكستى هه‌موومان پێكه‌وه‌يه‌. له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييدا، هه‌موومان و هه‌موو گه‌لى كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ براوه‌ و سه‌ركه‌وتوون. له‌ ناته‌بايى و دابڕان و لێكترازان و ناكۆكى و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى يه‌كتردا، هه‌موومان دۆڕاو و شكستخواردووين.

بۆيه‌ ئه‌مڕۆ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا جارێكى ديكه‌ داوا له‌ هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان ده‌كه‌ين كێشه‌ و ناكۆكى به‌لاوه‌ بنێن و به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن چاره‌سه‌ريان بكه‌ن. يه‌كڕيزى و ته‌بايى بپارێزن. با پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كان و فيدراڵى و كاركردن له‌پێناو ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتردا بۆ گه‌لى كوردستان، هه‌موومان پێكه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌.

جارێكى تر سڵاو له‌ گيانى پاكى شه‌هيد ئاكام عومه‌ر و هه‌موو شه‌هيدانى كوردستان. سڵاو له‌ هه‌موو پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى كوردستان كه‌ بۆ پاراستنى وڵات هه‌ميشه‌ گيانله‌سه‌رده‌ستن.

هه‌موو لايه‌كتان به‌ خێر بێن و هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن.

سوپاستان ده‌كه‌م.

نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان