گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رۆژئاواییەكانیش ڕازی دەكات

توێژینەوە: سودانی هەندێك گفتی داوە بە ئێران دەربارەی هەرێمى كوردستان

2022.12.16 - 11:26
App store icon Play store icon Play store icon
توێژینەوە: سودانی هەندێك گفتی داوە بە ئێران دەربارەی هەرێمى كوردستان

ناس كورد_

توێژینەوەیەكی خانەی هزریی كوردستان باس لەوە دەكات محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە یەكەم سەردانیدا بۆ ئێران هەندێك گفتی داوە بە دەسەڵاتدارانی تاران دەربارەی عێراق و هەرێمی كوردستان. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو پەیوەندیی ناوبراو لەگەڵ ئەمەریكا و رۆژئاواییەكان لەبەر بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی عێراقە ئەگەرنا بنكەی حكومەتەكەی دژە رۆژئاوان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

توێژینەوەكە كە "یاسین تەها" نووسیویەتی و لە ماڵپەڕی (پێنووس) بڵاوكراوەتەوە و "ناس كورد" بینیویەتی (61_12_2022) چەند زانیاری و شیكارێكی خستووەتە ڕوو كە بەم شێوەی خوارەوەن:

 

ـ حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی لە دۆخێكی سیاسیدا هاتووە كە هەژموونی ئێرانی لە لووتكەدایە، بەو پێیەی حكوومەتەكە هی "چوارچێوەی هه‌ماهەنگی"ی شیعەیە كە بەرەیەكی دۆست و هاوپەیمانی ئێرانە و كەمتر كاریگەریی ئەمریكای لەسەرە؛ هەر بەم هۆیەیشەوە بەخێرایی پیرۆزباییی دەستبەكاربوونی لەلایەن ئێرانەوە بەدەست هێناوە.

 

ـ هەموو ئاماژەكانیش بەرەو ئەوەن كە ئەركی حكوومەتی نوێ لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو هەژموونە ئێرانییە هەروا ئاسان نەبێت، چونكە ئێرانییەكان هیچ كات ئامادە نین لەژێر هیچ بارودۆخ و گوشارێكدا دەستبەرداری بەرژەوەندیی خۆیان بن، نەخاسمە ئێستا كە هەست بە مەترسیی زیاتری دەرەكی دەكەن و نەیارەكانی خۆیشیان لە بەغدا، بەتایبەت "سەدر"یان خستۆتە حاڵەتی بێدەنگی.

 

ـ هێزە پێكهێنەرەكانی حكوومەت وەك دەسكەوت تەماشای دۆخە نوێیەكە دەكەن و پێیان وایە كە میراتی دابەشكردن و خۆبەهێزكردنە و لە خەمی سەروەری و شكۆی عێراق و ئەو بابەتانەدا نین كە خەڵكی تر بەلایانەوە گرنگە

 

ـ محەمەد شیاع سوودانی ڕاستە بەتەنیا ڕووی لە ئێران نییە و لە پەیوەندی و دیداری نیمچەبەردەوامدایە لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا و شاندە ڕۆژاوایییەكان، بەڵام ئەم هەنگاوانەی سوودانی وا دەردەكەوێ زیاتر بۆ ڕاگرتنی باڵانس و زیاتریش لەبەر پێویستیی عێراق بێت بە سەرچاوەی ئابووری و وەبەرهێنانی بیانی، ئەگەرنا لایەنەكانی چوارچێوەی شیعی نەیاندەهێشت ڕوو بداته‌ ڕۆژاوا.

ـ تاران سەرباری هەڕەشه‌ و گوڕەشە بەردەوامەكانی لە بەرژەوه‌ندی و جموجۆڵەكانی ئەمریكا، ماوەیەكە خۆی بەدوور دەگرێت لە بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی ڕۆژاوا بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ئاشكرا.

 

ـ حكوومەتی سوودانیی دڵخوازی ئێران لەسەر كارە، ئیمتیازی ئەوەی وەرگرتووە گرووپە چەكداره‌كان (المقاومة) ئاگربەستێكی ڕانەگەیەنراو لەگەڵ بەرژەوەندییە ئەمریكییەكان پەیڕەو بكەن؛ ئەمەیش لە پێناو ئەوەی كارەكانی سوودانی بەباشی بچێتە بێشەوە و گرێوگۆڵی بۆ دروست نەبێت؛ لە كاتێكدا لە سەردەمی مستەفا كازمی (2020_2022) بەئامانجگرتنی ناوچەی سەوز و كاروانی بارهەڵگرەكانی هێزەكانی هاوپەیمانان بەشێك بوو لە دیاردەیەكی نیمچەبەردەوام. هەر لە نێوه‌یشدا ڕۆكێت و درۆنی گرووپە ئێرانییەكان ناوبەناو ئاسمان و زەمینی هەرێمی كوردستانیان وەك ناوچەیەكی دۆستی ئەمریكا دەكردە ئامانج.

 

ـ زانیارییەك هەیە كە هێشتا بەتەواوی پشتڕاست نەكراوەتەوە، كه‌ باس لەوە دەكات ڕازیبوونی ئەمریكا بە دەستبەكاربوونی حكوومەتی سوودانی، بەرەنجامی ڕێككەوتنێكی ژێربەژێرە كە تێیدا حزبوڵڵا ڕازی بووە لە ڕێگه‌ی دیاریكردنی سنووری دەریاییی لوبنان و ئیسرائیلەوە هەم بە جۆرێك لە جۆرەكان دان بە ئیسرائیلدا بنێت كە بەلایەوە "قەوارەی زایۆنی"یە، هەم ئاسایشی سنوورە ئاوییەكانی ئیسرائیلیش دابین بكات.

 

 ـ ئەمینداری عەسائیب، كە یەكێكە لە كۆڵەكە ڕاگرەكانی ئەم حكوومەتەی سوودانی، نەیشاردەوە ئاگربەستی كاتی لەگەڵ ئەمریكا پلان و بەرنامەی چوارچێوەی هه‌ماهەنگیی شیعە خۆیەتی، بۆ خاترگرتنی ئەم حكوومەتەی ئێستا؛ هەروەها خاڵی لەسەر پیت دانا، كاتێك وتی محەممەد شیاع سووودانی پۆستەكەی "بەڕێوەبەری گشتی"یە لای هێزەكانی چوارچێوەی هه‌ماهەنگیی شیعە .

 

ـ هەرچەندە واشنتۆن نیگەرانە لە زیادبوونی كاریگەریی ئێران لە زۆنی سلێمانی بەدیاریكراوی و، هاوكات لەگەڵ ئەوەیشدا لە هێرشەكان دژ بە نەیارە كوردەكانی تاران لە هەرێمی كوردستان، بەڵام هەندێك ڕاپۆرتی تری ئەمریكی ئەوەیان خستووەتە ڕوو كە هێرشەكانی ئێران بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ بەرژەوەندییە ئەمریكییەكان ناكاتە ئامانج؛ هێندە هەیە لەمپەر بۆ پلانەكانی بایدن دروست دەكات بۆ كەمكردنەوەی گرژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێناو یەكلابوونەوە بۆ مەترسییە گەورەكانی ڕووسیا و چین.

 

ـ بە گوێرەی ئەو ئاماژانەی بەردەستن، لە ئێستادا ئێران سەرباری سەرقاڵییە ناوخۆیییەكانی خۆی بەهۆی لێكەوتەی خۆپیشاندانەكان، لە عێراقدا لە قۆناغی نۆژەنكردنەوەی زیانەكانی سەردەمی "عادل عەبدولمەهدی"یە كە تێیدا نفووز و پێگەكەی گورزی بەرچاویان خوارد، بەتایبەت كە بانگەوازی دەرپەڕاندنی ئێران "ایران برە برە"، بوو بە دروشمی خۆپیشاندانەكان.

 

ـ لە ئێستا گرووپەكانی نزیك و سەر بە ئێران لە هەوڵی گۆڕینی وێنەی خۆیاندان، ئەویش لە ڕێگەی كاركردن وەك هێزی دەوڵەتمەدار و گرتنەدەستی پۆستە مەدەنی و ڕۆشنبیری و زانستییەكان بۆ نموونە: بزووتنەوەی عەسایئب كە سەرەڕمی گرووپە چەكدارەكانی شیعەن، "وەزارەتی خوێندنی باڵا"یان وەرگرتووە، ئەحمەد ئەسەدی كە وتەبێژی حەشدی شەعبی بوو، ئێستا وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتییە(، دامەزراوەی حەشدی شەعبییش خەریكی چالاكیی ئابووری و هەڵمەتی نۆژەنكردنەوەی جاددە و كۆڵانەكان و دروستكردنی بەرژەوەندیی ئابووری و هێزی نەرمن هاوشێوەی سوپای پاسداران.

 

ـ ئێرانییەكان هەڕەشەی ئەوەیان كردووە ئاستی هێرشەكان بەرز دەكەنەوە بۆ لەشكركێشیی زەمینی؛ ئەمەیش لەسەر زاری "ئیسماعیل قائانی"، فەرماندەی "فەیلەقی قودس"ەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارە كوردییەكان ڕەنگە لەمەیشدا چاویان لە ئەزموونی دەرپەڕاندنی هێزەكانی "موجاهیدی خەلق" بێت (2011) لە دیالەی عێراق.

 

ـ  بە گوێرەی ئەو لێكدانەوانەیشی لە ناوەندە نزیكەكانی بڕیاری ئێرانەوە هەن، تاران پێی وایە حكوومەتی ناوەندیی عێراقیش، بەتایبەت لە سەردەمی سوودانی، هاوهەڵوێستە لەگەڵ تاران لەگەڵ بەرهەڵستیكردنی ئەو گرووپە ئێرانییانەی دژی تارانن بەتایبەت كە لە دەستووری عێراقیشدا ئەوە هاتووە كە نابێت خاكى عێراق دژی دراوسێكان بەكار بێت. وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش، كە نوێنەرایەتیی دیپلۆماسییەتی عێراق دەكات، جەختی لەمە كردووەتەوە كە عێراق نایەوێ ببێتە سەرچاوەی كێشە.

 

ـ  ئێرانییەكان پێداگرن لەسەر ئەوەی عێراق كۆنترۆڵی هەموو سنوورەكان بكات. لەم نێوه‌یشدا "خامنەیی" بەڕاشكاوی لە دیدارەكەیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیران (29ى تشرينى دووەمی 2022) باسی لەوە كردووە كە پێویستە عێراق كۆنترۆڵی سنوورەكانی بكات؛ هەروەها ئەوەیشی بیر هێناوەتەوە، لێكگەیشتن و ڕێككەوتنەكانی پێشوو، نەگەیشتوونەتە قۆناغی جێبەجێكردن؛ ئەمەیش وەك ئاماژەیەك بۆ سەردەمی كازمی. بۆ حكوومەتی سوودانییش جەختی لەوە كردووەتەوە بگەنە قۆناغێكی نوێ لە هەموو ئاستەكان بەتایبەت كە هەندێ زانیاری باس لەوە دەكەن ئێران پێی وایە دەوروبەری 50 بنكەی سەربازیی نەیاری ڕژێم لە هەرێمی كوردستاندا هەن كە عێراق ئاگاداری وردەكارییەكانیان نییە.

 

گفتەكانی سوودانی بە ئێران

 

 ـ بە گوێرەی سەرچاوە فەرمییەكانی ئێران، لە سەردانی تاران و دیداری گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە، محەمەد شیاع سوودانی چەند گفتێكی بە ئێرانییەكان داوە، لەوانەیش: پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكان، ئاسایشی هاوبەش، ڕێگەنەدان بە بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ تێكدانی ئاسایشی دراوسێكان.

 

 ـ هەندێك سەرچاوەی نافەرمییش لە لوبنانەوە باس لەوە دەكەن سوودانی بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و ئاگاداریی لیژنە تایبەتمەندەكان، گفتی ئەوەی بە ڕێبەری شۆڕشی ئێرانی داوە كە سوپای عێراق بباتەوە سەر سنوورەكان لەگەڵ ئێران؛ هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا گفتی داوە بە تاران كە دراوی دۆلاریان لە بانكی ناوەندییەوە بۆ حەواڵە بكات، لە كاتێكدا ئەمە پێشێلكردنی گەمارۆ ڕۆژاوایییەكانی سەر ئێرانە.

 

ـ  گفتەكانی سوودانی بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان لە كاتێكدایە كە وەزیری بەرگری و سوپاسالاری عێراق لە دانیشتنە پەرلەمانییەكاندا دووپاتیان کردوەتەوە کە سوپای وڵات لە ئاستی دابینکردنی پاراستن و بەرگریدا نییە ئەم لاوازییەیش بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەكان و بۆ پاراستنی سنوورەكانیش هەر هەمان شتە. ئەمەیش دەچێتەوە سەر ڕاستییەك كە بەبێ هاوكاریی هەرێمی كوردستان هەنگاوی وەها لە ئێستا قورس و زەحمەتە.

 

بە گوێرەی میدیای ئێرانی سوودانی گفتی داوە قەرزی گازی ئێران حەواڵە بكات بۆ ئێران و، ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتیش بەرز بكاتەوە بۆ نزیكەی 20 ملیار دۆلاری ساڵانە. ئەمەیش پێویستیی بە پلان و ئۆقرەییی زۆر هەیە.

 

ـ بۆچوونی زاڵ و ڕێتێچوو ئەوەیە كە سوودانی لەوە تێ دەگات، نیشتەجێبوونی هێزە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات و "پەكەكە"یش لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ئاڵۆز و ڕیشەدارە. لە ئێرانیش هەوڵی ئەوەی دا بڵاوكردنەوەی هێزە فیدراڵییەكان و كپكردنەوەی هێزە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات بە هەهانەنگی لەگەڵ هەولێر بكاتە هەوێنی چارەسەر، بەڵام ئێرانییەكان چاویان لەسەر زیاترە.

 

ـ ڕەنگە لە داهاتوودا هەماهەنگیی نێوان تاران-بەغدا-ئەنقەرە بێتە كایەوە لە ڕووی هەواڵگرییەوە بۆ سنوورداركردنی چالاكیی هێزە كوردییەكان. جگە لەوەش ئەگەری هەیە هەر سێ وڵات كۆبوونەوەی سێقۆڵی بكەن، ڕەنگە سوریاش لە قۆناغێكدا بچێتە پاڵیان هاوشێوەی دیدارە چوارقۆڵییەكانی ساڵانی نەوەدەكان. ئەم پێشهاتانە ئەگەرچی گریمانكراو و چاوەڕوانكراون، بەڵام هەروا بێكێشە و بێگرفتیش نین و ئەزموونەكانی پێشووی ئەم هەماهەنگییەیش زۆر سەركەوتوو نەبوون.