ناس کورد-
وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، بودجه‌ی ته‌ندروستیی سلێمانی نه‌بڕدراوه، به‌ڵام بانكه‌كانی سلێمانی پاره‌ی نەختینە خه‌رج ناكه‌ن و هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وان روون نییه.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای پارتی (١٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢) جه‌ختی له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستییه‌كان له هه‌موو ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان و دادپه‌روه‌رانه كرده‌وه.
سامان به‌رزجی روونیكرده‌وه، ئه‌و گرفتانه‌ی ئێستا له كه‌رتی ته‌ندروستی سلێمانی به‌دیده‌كرێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ بڕیارێكی له پشته‌وه نییه و پێشتریش له هه‌ولێره‌وه پاره بۆ سووته‌مه‌نی و پێداویستییه‌كانی ته‌ندروستی سلێمانی ره‌وانه نه‌كراوه، به‌ڵكو له هه‌موو پێداویستییه‌كانیان له نهختیهی بانكه‌كانی سلێمانی بۆ خه‌رجده‌كرا.
وه‌زیری ته‌ندروستی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه، پێشتر بڕی 10 ملیار دینار بۆ ته‌ندروستی سلێمانی دابینكراوه و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته كارگێڕی، دارایی و یاسایی به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی دراوه بۆ دابینكردنی سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانیان له‌و بڕه پاره‌یه‌ی بۆیان دابینكراوه.
سه‌باره‌ت به كێشه‌ی كه‌می ده‌رمان له نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زیری ته‌ندروستی باسی له‌وه‌كرد، هه‌رچه‌نده دابینكردنی ده‌رمان له ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراقه له‌سه‌ر خه‌رجی سیادی، به‌ڵام هاوشێوه‌ی بواره‌كانی دیكه، حكومه‌تی عێراق تاوه‌كو ئێستا پابه‌ندنه‌بووه به دابینكردنی ده‌رمانی پێویست بۆ هه‌رێمی كوردستان، بۆیه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مانگانه نزیكه‌ی 7 ملیار دینار خه‌رجده‌كات له‌پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و به‌رده‌وامی له پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی.