ناس كورد_
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆمەڵێك وێنەی بڵاو كردەوە و نووسیویەتی ئەمە ئۆتۆمبیلی ( لیکسز)ی مۆدێل نزمە (۲۰۱۰) بەناوی بەڕێوەبەری نوسینگەی وەزیرێکی حکومەتی هەرێم هێنراوەتە هەرێمی کوردستان و دەڵێت "ئەمە نمونەیەكی بچووكە و رۆژانە كاری لەم شێوەیە هەیە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
رەمەزان نامیق ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە بڵاوكراوەكەیدا (12_12_2022) كە "ناس كورد" بینیویەتی دەلێت: ئۆتومبیلەكە بۆماوەی چوارمانگ لەلایەن بەرپرسێکی حیزبی و بەڕێوەبەری نوسینگەی ئەو وەزیرەوە لەهەولێر و سلێمانی بەژمارەی ساختەوە هاتوچۆی پێوەکراوە و دواتر لەژێر فشاردا گەڕێنراوەتەوە بۆ دوبەی .
هەروەها دەڵێت: بە لیژنەیەکی کاتی سەردانی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانمان کردووە بەڵام بەرپرسانی مەرزەکە ئامادەنەبوون دۆسیەکەیمان پێ بدەن و بەئاشکرا پێیان ڕاگەیاندین کە ئامادەنین زانیاریمان لەسەری پێ بڵێن .
هەروەها باسی لەوەش كردووە هەرچەندە پەیوەندیمان بە کەسە نزیکەکانی وەزیریشەوە کردووە و پێیان ڕاگەیاندین کە وەزیر بێ ئاگایە لەم دۆسیە.
پرسیاری ئەوەشی كردووە: کێ لە پشت ئەم دۆسیەیە و کێ هاوکار و کارئاسانی بۆکردون و چۆن لەناو کۆمەڵێک ئۆتۆمبیلی تردا لەسەر فلات و لەدەرگای تایبەتەوە هاتووەتە هەرێم؟! ئەمانە هەمووی بەبەڵگەوە ئاڕاستەی دادگای کەلار کراوەو چاوەڕێی ئیجرائات و سزادانی پشت ئەم دۆسیەوەین .
لە كۆتایی دا جەخت دەكاتەوە: ئەمە نمونەیەکی بچوکە و ڕۆژانە کاری لەم شێوەیە هەیە و چەندین ئۆتۆمبیل کە مۆدێلەکانیان نزمە و لەناو مەرزەکە ماونەتەوە.