ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، "ئێمە ناتوانین پشتگیری ئەو سیاسەتە ناتەندروستە بکەین کە حکومەت پەیڕەوی دەکات و جیاکاری لە نێوان شارەکاندا دەکات."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ماتسومۆتۆ فوتۆشی، باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق لە دەباشان کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان کرا و جەخت لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ژاپۆن کرایەوە بەجۆرێک کە لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی نێوان هەردوولا بێت.
دەشڵێت، "ژیانی خەڵک و نەبوونی حوکمڕانییەکی تەندروست لە هەرێم تەوەرێکی تری گفتوگۆکان بوو، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە هەڵوێستی یەکێتی کرد و وتی، ئێمە ناتوانین پشتگیری ئەو سیاسەتە ناتەندروستە بکەین کە حکومەت پەیڕەوی دەکات، هەموو جومگەکان قۆرخکراون و ژیانی خەڵکەکەمان لەبەردەم مەترسیی حکومەتێکدایە کە جیاکاری لەنێوان شارەکاندا دەکات. هەر بۆیە ئێمە و لایەنە سیاسییە هاوهەڵوێستەکانی تری هەرێم دژی دەوەستینەوە و لەوبارەیەوە بڕیاری پێویست دەدەین."
لە درێژەی دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی "ئاماژەی بەھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی کارنامەی نوێی حکومەتی عیراق کرد و جەختی لە هەماهەنگی نێوان لایەنەکان کردەوە وەک فاکتەرێکی گرنگ بۆ سەرخستنی بەرنامەی چاکسازی و بەرقەراربوونی سەقامگیری لە وڵاتدا."