کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا هەڕەشەی قەدەغەكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە وڵاتەكەی دەكات ئەگەر ئەو تۆڕانە كۆنترۆڵی ناوەڕۆكی بڵاوکراوەکانیان نەکەن، بە تایبەت ئەو بابەتانەی هانی توندوتیژیی و دەمارگیریی دەدەن.
هەڕەشەکەی ساجد جاوید وەزیری ناوخۆی بەریتانیا دوای ڕووداوە خوێناوییەکەی دوێنی وڵاتی نیوزلەندا دێت کە هاوڵاتییەک هێرشی کردە سەر دوو مزگەوت و نزیکەی 50 نوێژخوێنی کوشت، بکوژەکە تەواوی ڕووداوەکەشی بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک گواستەوە.
وەزیرە بەریتانییەکە لەو بارەیەوە باس لەوە دەکات کە خەڵک بە خێرایی ئەو ڤیدیۆیانەی وەرگرت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تویتەر و یوتیوب بڵاویانکردەوە، "بەبێ ئەوەی ئەو دوو کۆمپانیایە ئاگایان لێی بێت." دەشڵێت: "خەریکە ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانە دەبنە بڵنگۆیەک بۆ تیرۆرستان و ئەو کەسانەی کاری قێزەون ئەنجام دەدەن."
وەها بڕیارە حكومەتی بەریتانیا بۆ ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی كارێكی هاوشێوەی ڕووداوەکەی نیوزلەندا، ڕێوشوێنی توند بگرێتە بەر و لە دوو هەفتەی داهاتوودا گەڵاڵەنامەیەك سەبارەت بەو بابەتە دەردەکات.