گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بێدەنگى عێراق جێگەى گومانە’’

ئەژى ئەمین: ئێران بەچاوساغى دەستى ناوخۆیی هێرشەکان ئەنجام دەدات

2022.11.22 - 17:36
App store icon Play store icon Play store icon
ئەژى ئەمین: ئێران بەچاوساغى دەستى ناوخۆیی هێرشەکان ئەنجام دەدات

ناس کورد-

 

راوێژکارى سەرۆکى ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، بێدەنگى عێراق و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەرانبەر ئێران "جێگەى گومانە"، کە بە "چاوساغی دەستی ناپاکی ناوخۆ" یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەهاکانی دراوسێیەتی پێشێل دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەژى ئەمین (22-11-2022) لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، "خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی بەرگری ڕەواو پاراستنی خۆیان هەیە،  ئەم بێدەنگییە ترسناکەی حکومەتی عێراقی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەبوونی  هەڵوێستی جیددی لە هەمبەر ئەم دەستدرێژیی و کۆمەڵکوژییانە، بێگومان ناوچەکە بەرەو شەڕ و ململانێیەکی هەرێمایەتی و جەنگێکی گەورە دەبات و ئاسایشی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین دەشێوێنێت".

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

 

بە پێویستی دەزانین ڕای گشتی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لە مەترسییەکانی هێرش و هەڕەشەی بەردەوام و بێ پاساوی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەروەریی خاک، ئاسایشی خەڵکی کوردستان و عێراق ئاگادار بکەینەوە.

 

سەرباری کۆمەڵکوژی و ڕەشەکوژی و پێشێلکاریی ناڕەوا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کۆماری ئیسلامی نیازی دوژمنکارانەی خۆی دەرحەق بە خەباتی ڕەوای گەلی کورد و ئەزموونی هەرێمی کوردستان نەشاردۆتەوە، خەریکە بە چاوساغی دەستی ناپاکی ناوخۆ و بەهۆی نەبوونی هەڵوێستی جیددی و هەنگاوی ڕاستەقینە و پێویستەوە چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەموو سنوورێک دەبەزێنێت، هەروەها گشت یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەهاکانی دراوسێیەتی پێشێل دەکات.

 

ئێمە لە کاتێکدا کە داوای هەڵوێستی ڕوون و جیددی لە دەوڵەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین، بە پێویستی دەزانین کە هەموو لایەک لە هەستیاری بارودۆخەکە و مەترسییەکانی ئەو بێدەنگییە ئاگادار بکەینەوە.

 

خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی بەرگری ڕەواو پاراستنی خۆیان هەیە،  ئەم بێدەنگییە ترسناکەی حکومەتی عێراقی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەبوونی  هەڵوێستی جیددی لە هەمبەر ئەم دەستدرێژیی و کۆمەڵکوژییانە، بێگومان ناوچەکە بەرەو شەڕ و ململانێیەکی هەرێمایەتی و جەنگێکی گەورە دەبات و ئاسایشی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین دەشێوێنێت.

 

بێدەنگی دەوڵەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەو خەمساردییە لە هەمبەر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئێمە تەواو جێگای گومانە، ئاماژە بە پیلانگێڕیی و گەلەکۆمەیەکی ناوخۆیی و هەرێمایەتی لە ئەزموونی گەلی کورد دەکات، هەر بۆیە هێزە شۆڕشگێڕەکان و کۆمەڵانی خەڵک دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتی گەورە کە ئەمە چیدی مایەی قبوڵکردن نییە.

 

نەخێر بۆ پێشێلکردنی سەروەری و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان،

بژی و بەردەوام بێت خەباتی ئازادی خوازی گەلانی ئێران لە پێناو مافە ڕەواکانیاندا.