کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- ماریا هەورامی لەبارەى کێشەکەی لەگەڵ مامۆستا هەڵۆ ڕونکردەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ڕوانگەی ئەوەی ئەو مامۆستایە سێ جار داوای لێبوردنی کردووە و سەردانی ماڵەوەیانی کردووە و پەشیمان بووەتەوە لەو هێرشانەى کردوویەتیە سەرى، بۆیە داوای لێبوردنەکەی قبوڵکردووە و لێیخۆشبووە. , ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئابی 2019، هونەرمەند، ماریا هەورامی لە بارەی کێشەکەی لەگەڵ مامۆستا هەڵۆ کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دروستبوو ڕایگەیاند: "ئەو جۆرە دەربڕینە بەشێوەیەکی گشتی نەشیاو و نەگونجاوە و نامۆیە بە کەلتوری کوردەواری و هێرشێکی ناڕەوای ئازار بەخشیش بوو بۆم، کە بەهۆی ئەو هێرشە ناڕەوایەوە کۆمەڵێک دەنگۆ و کۆمێنتی لێکەوتەوە لە میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیکاندا لە سەر ئاستی جیاواز". , ئەو خانمە هونەرمەندە ئاماژەی بەوەشكردووە: "دوای ئەوەی ناوەڕۆکی ئەو پەیوندییە تەلفونیەکە بڵاوبوەوە بۆ ڕای گشتی، مامۆستا هەڵۆ دانی بەوەدا نا کە ئەو بۆچوونە بۆ ڕای گشتی و ڕاستەوخۆ بۆ کەسایەتی من نەبووە، لەسەر ئەو بنەمایەش بەشێوەیەکی ئاشکرا، سێ جار داوای لێبوردنی لە خۆم و بنەماڵەکەم کرد و سەردانی ماڵەوەی کردووین و پەشیمانبوونەوەی خۆی لەو هێرشە دەبڕیووە، کە کردوویەتە سەرم". , ماریا هەورامی ئەوەشی ڕاگەیاندووە: " ئەوەی زۆر مەبەستە لێرەدا و بووە بەخەمی من، ئەو جۆرە لێکترازانەیە لە کۆمەڵگاکەماندا، کە بە هەموو جیاوازیەکانیەوە خۆشمدەوێ و مایەی شانازیمە، لە ڕوانگەی پەروەردەیی و لە ڕووی فکری خێزانی و کەلتوری هەورامان و کوردەواری، کاتێک کەسێک دێتە ماڵەکەت پێویستە ڕێزی لێ بگیرێ، بۆیە بڕیارم دا کە لای خۆمەوە داوای لێبوردنەکەی مامۆستا هەڵۆ قبوڵ بکەم، لە هەمان کاتدا مافی تۆمارکردنی داوای یاسایی لە دادگا ڕباگرم، ئەمەش لە روانگەی پۆزشەکەی مامۆستا هەڵوەوە، هەروەها بۆ کۆتایی هێنانیش بەو دابەشبوونەی چەند ڕۆژێکە کۆمەڵگاکەمان بەهۆی ئەم هێرشەی مامۆستاوە دووچاری بۆتەوە، هیواداریشم جارێکی تر، مامۆستا هەرگیز هێرش نەکاتە سەر هونەرمەندان کە مافێکی سروشتی هەموو گەلێکە هونەری هەبێت و لەسەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتیشەوە، گەلان بێ هونەر نەژیاون". , "من وەک هونەرمەندێک بە مافی خۆمی دەزانم کە هەرکلیپێک دەر بکەم، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەناخی پەروەردەییمەوە هەوڵمداوە کە هەم ڕەچاوی دابونەرێتی کۆمەڵگاکەم بکەم کە جێی شانازی گەورەمە، هەم بەپێی توانا ڕەنگدانەوەی کەلتور و گۆرانی ڕەسەنی کوردی تیا دەربکەوێت، دوا گۆرانیشم 'دڵەکەم' گۆرانییەکی رەسەنی کوردەوارییە و بە شاکارێکی سەرکەوتووی خۆمی دەزانم"، ماریا هەورامی وا دەڵێت. , ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو وەک ماریا، ڕێزی زۆری بۆ سەرجەم ئاینەکان و زانایانی ئاینی و هاوبیرانی لە کوردستاندا هەیە، بەڵام بێگومان جیاوازی شێوازی بیرکردنەوە لەو چواچێوەیەدا مافێکی سروشتیە، هەروەها بە مافی خۆشی دەزانێت لە چوارچێوەی ئادابی گشتی و نەرێتی کۆمەڵگادا خاوەنی بیرکردنەوەیەکی جیاواز و میانڕەوەی خۆی بێت. , هاوکات ماریا هەورامی سوپاسی هەوادارانی بەگشتی و دەزگا ڕەسمی و کەسایەتی و نوسەرو ڕاگەیاندنەکان و سەرجەم چین و توێژەکان، بە تایبەت وەزارەتی ڕۆشنبیری و سەندیکای هونەرمەندان و نوسەرەکان و کەسایەتی و چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەگشتی و دەزگا ڕاگەیاندنەکان کە پشتگیری زۆریان کردووە. , لە کۆتاییدا ماریا هەورامی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ڕێزی بۆ بۆچوونی ئەوانەش هە کە دژی بوون و تکاشی کردووە بە هەمووان هەوڵ بدەن کۆمەڵگا بەدوور بگرن لە دەربڕینی زبر و قسەی نەشیاو. , ئەمە لەکاتێکدایە شەوی ڕابردوو مامۆستا هەڵۆ حەمە ڕەشید لە ڕوونکردنەوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند، سەردانی ماڵی ماریا هەورامی کردووە و گفتوگۆی لەگەڵ کردوون و ڕێزێکی زۆریان لێگرتووە و وتیشی: "ئێستاش خۆم بە خاوەنی ماریا هەورامی دەزانم". , ,