گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق: هێرشەکانى ئێران و تورکیا پێشێلکردنی سەروەری وڵاتە

2022.11.21 - 18:01
App store icon Play store icon Play store icon
عێراق: هێرشەکانى ئێران و تورکیا پێشێلکردنی سەروەری وڵاتە

ناس کورد-

 

وەزارەتی دەرەوەى عێراق ئیدانەى توندى هێرشەکانى ئێرانى کرد بۆ سەر هەرێمى کوردستان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

وەزارەتەکە (21-11-2022) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێرشەکانى ئێران و تورکیا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هەرێمى کوردستان، پێشێلکردنی سەروەری عێراقە.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، خاکی عێراق نابێت ببێتە بارەگایەک یان ڕێڕەوێک بۆ زیانگەیاندن بە هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێ.

 

وەزارەتى دەرەوەى عێراق دەشڵێت، حکومەت ڕەتیدەکاتەوە عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێ و یەکلاکردنەوەی کێشەى لایەنە دەرەکییەکان.

 

درەنگانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و هەولێر و حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە زڕگوێزی سلێمانی و بەهۆیەوە پێشمەرگەیەکی دیموکرات گیانی لەدەستدا.

 

دواى هێرشەکە، حکومەتى هەرێمى کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند "پێشێلکاری بەردەوامی سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و پێشێلکردنێکی ئاشکرا و زەقی یاسا وڕێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی دراوسێیانەیە".      

  

داواش لە دۆست و ھاوبەشانی لە حکومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەگشتی دەکات، کە ھەڵوێستێکی ڕوون و ڕاشکاویان بەرامبەر ئەم ھێرشە بەردەوامانەی ئێران ھەبێت.  

  

لەبەرانبەردا ناسر کەنعانى وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران، هەرێمى کوردستان و عێراقى تۆمەتبارکرد بەوەى بەڵێنەکانیان بەجێنەهێناوە بۆ ئەوەى سنورەکانیان نەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشى تاران.  

  

لە ئەیلولى رابردووەوە ئێران چەند جارێک هێرشى کردووەتە سەر  بارەگاى حزبە کوردییەکانى رۆژهەڵات لە هەرێمى کوردستان و بەهۆیەوە تا ئێستا 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون.