ناس کورد-
ئەندامێکى سەرکردایەتى یەکێتى رایگەیاند، نێوەندگیر هەیە بۆ چارەسەرى کێشەکانى پارتى و یەکێتى و تائێستا بڕیارنەدراوە لەسەر گەڕانەوەى قوباد تاڵەبانى بۆ کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مەجید حەمەد ئەمین ئەندامى سەرکردایەتى و لێپرسراوی مەڵبەندی 3ی رێكخستنی هەولێری یەكێتیی بە رۆژنامەنوسانى وت "نێوەندگیریی زۆر لە ئارادایە، هیوادارین لەم نزیکانە کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى ئەنجام بدرێت، وادەکە دیارینەکراوە بەڵام دوور نییە".
وتیشى "گرژییەکان وەکو مونافەسەى دوو برایە و ناگاتە شەڕى ناوخۆ، شەڕ مەحاڵە و لەئەجێنداى هیچ حزبێکماندا نییە".
"یەکێتى نیگەرانە لەوەى جومگەکانى دەسەڵات زۆرینەى لەدەستى پارتیدایە و حکومڕانى دەسەڵات و پارەیە کە لەژێر دەستى پارتیدایە، نیگەرانییەکان چارەسەر نەبوون و نێوەندگیر هەیە".
لەبارەى بایکۆتى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران لەلایەن وەزیرەکانى یەکێتییەوە، مەجید حەمەد ئەمین وتى "بەشێک لە وەزیرەکانى یەکێتى بایکۆتیان کردووە و تا ئێستا بڕیارمان نەداوە قوباد تاڵەبانى بگەڕێتەوە کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران".
باسى لەوەشکرد، یەکێتى دەیەوێت موچە ببێتە شتێکى سیادى، ئەوەشى دەمێنێتەوە 57 بە 43 لەنێوان پارێزگاکان دابەشبکرێت.