گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

لە هەولێر نۆ بڕیار لەبارەى سیستەمى غاز دەرکرا

2022.11.21 - 13:35
App store icon Play store icon Play store icon
لە هەولێر نۆ بڕیار لەبارەى سیستەمى غاز دەرکرا

ناس کورد-

 

لە هەولێر نۆ بڕیار بۆ پێداچوونەوە بە سیستمی شۆفاژ لە شوێنە گشتیەکان و ماڵان و بە کارهێنانى غازی ئێڵ پی جی درا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راگەیەنراوێکى پارێزگاى هەولێر کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، بڕیارەکان لەکۆبوونەوەیەکدا دراوە کە بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر ئەنجامدراوە.

 

بەپێی یەکێک لە بڕیارەکان، هیچ كۆمپانیا و کەسێک بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندى بەرگرى شارستانى، نابێت سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیر بکات.

 

دەقى بڕیارەکان:

                     

یەکەم/ هۆشیارکردنەوەى هاوڵاتییان لە چۆنیەتى بەکارهێنانى سیستەمى غازی ئێڵ پی جی و شۆفاژ و مەترسیەکانى دانانى ئەو سیستەمە لەلایەن کەسانى بێ مۆڵەت و ناشارەزا.

      

دووەم/ چاودێریكردنى سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەى کە سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیر دەکەن. 

 

سێیەم/ هیچ كۆمپانیا و کەسێک بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندى بەرگرى شارستانى نابێت سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیربکات، ئەوانەشى لە ئێستادا ئەو کارە دەکەن دەبێت لەماوەى یەک مانگ سەردانى بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى هەولێر بکەن.

 

چوارەم/ بنكه‌كانى به‌رگرى شارستانى پێداچوونەوە بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەکەن کە ئەم سیستەمە بەکاردەهێنن.

 

پێنجەم/ لیژنەکانى (قائیمقامیەت، شارەوانى، بەرگرى شارستانى و نەوت و کانزاکانى هەولێر) چاودێرى هەموو شوێنەکان دەکەن کە ئەو سیستەمەیان بۆ دانراوە.

 

شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى هەولێر چاودێرى ئەو بەنزینخانانە دەکات کە سیستەمى غازی (ئێڵ پی جی)یان بۆ ئۆتۆمبێل دادەناوە، دەبێت خاوەنى بەنزینخانانەکانیش لەماوەى دوو هەفتەدا سەردانى بەڕێوەبەرایەتى ناوبراو بکەن بۆ وەرگرتنى ڕێنمایی نوێ.                                                                            

حەوتەم/ دانانى لیژنه‌یه‌ك بۆ پێداچوونەوە و دانانى مەرجى زانستى لەنزیکترین کاتدا.

 

هەشتەم/ پارێزگاى هەولێر لەڕێگەى کۆلێژى ئەندازیاریى زانکۆى سەڵاحەدین کۆنفرانسێکى زانستى تایبەت بەسیستەمی غازی (ئێڵ پی جی) و شۆفاژ و دوورخستنەوە مەترسیەکانى لەسەر گیانى هاونیشتیمانیان ئەنجامدەدات.

 

نۆیەم/ دەرچواندنى چەند فەرمانێک لەنزیکترین کاتدا بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەبارەى سیستەمی غازى ئێڵ پی جی و شۆڤاژ.