ناس کورد-
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند، ئەوانیش گلەییان لە یەکێتی هەیە و دەشڵێت، "با بێن ئامادەین بە ژمارە هەموو شتێک بخەینە ڕوو."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هۆشیار زێباری لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بینیویەتی (یەکشەممە 20-11-2022) لەبارەی گلەییەکانی یەکێتی لە پارتی، ڕایگەیاند، "ئێمەش گلەییمان لە یەکێتی هەیە، ناکرێت تۆ لە حکومەت بیت و ئۆپۆزسیۆنیش بێت، ئەگەر پێیانوایە حەقیان خوراوە، با بێن بە ژمارە قسە بکەین."
وتیشی، "ئێمە پێمانوایە دانوستانەکانی داهاتوو جدی و کرداریش بێت، چونکە دۆخەکە پێویستی بەوەیە و هەمووان دەیانەوێت کێشەکان چارەسەر بکەین."
سەبارەت بە ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و بەغدا و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، هۆشیار زێباری باسی لەوەکرد، "بابەتی ئەمجارە جیاوازە و گەشبینین بەوەی ڕێککەوتنی ئەمجارە جێبەجێبکرێت، چونکە حکومەتی ئەمجارە بەبێ کورد و سونە بەڕێوەناچێت و پێویستیان بە ئێمەیە."