گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

پەیامێکی بەپەلە لە مەزڵوم عەبدییەوە

2022.11.20 - 14:33
App store icon Play store icon Play store icon
پەیامێکی بەپەلە لە مەزڵوم عەبدییەوە

 

ناس کورد- 

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە ڕایگه‌یاند، ئه‌و هێرشانه‌ی ئێستا بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌یان ئه‌نجام ده‌درێت ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ئاماده‌كاری بۆ ده‌كرێت و به‌شێكه‌ له‌ گه‌مه‌ی ئه‌ردۆغان به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، دەشڵێت، " ئەگەر ده‌وڵه‌تی تورك پێداگری لەسەر شەڕ بکات، کاریگەری لەسەر هەموو لایەک دەبێت."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە، له‌ لێدوانێكدا بۆ ڕۆناهی تیڤی (یەکشەممە 20-11-2022) ئامانجی پشت هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری توركی بۆسه‌ر ڕۆژئاوای خسته‌ڕوو و ڕایگەیاند، "هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك بۆسه‌ر ناوچه‌كانمان له‌ كاتژمێر ١٢ی شه‌وی ڕابردوو تا ئێستا به‌رده‌وامه‌ و هێرشه‌كان ناوچه‌كانی شه‌هبا هه‌تاكوو دێركی گرتووەته‌وه‌ و زۆر شوێنیش كراونه‌ته‌ ئامانج." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، " ده‌وڵه‌تی تورك له‌ هێرشه‌كانی جیاوازی نه‌خستووەته‌ نێوان شوێنه‌ سه‌ربازیی و مه‌نده‌نیه‌كان و هه‌موویانی كردووه‌ته‌ ئامانج، ته‌نانه‌ت خاڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی حكومه‌تی دیمه‌شق-یشی به‌ ئامانج گرتووه‌ و له‌ ئه‌نجامدا شه‌هید و بریندارمان هه‌یه‌." 

 

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە ئه‌وه‌شی خستووەتەڕوو، "به‌ پێی زانیارییه‌كانمان ئه‌و هێرشانه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت." 

 

مه‌زڵووم عه‌بدی سەبارەت بە هێرشەکەی تەقسیم جه‌ختی كردووەتەوە، " نه‌ هێزه‌كانمان و نه‌ هیچ لایه‌نه‌كی كوردی په‌یوه‌ندی به‌ ڕووداوه‌ تیرۆریستییەکەی ئیسته‌نبوله‌وه‌ نییه‌ و به‌فه‌رمیش، ئه‌وه‌مان ڕه‌تكرده‌وه‌، ئه‌و ڕووداوه‌ گه‌مه‌یه‌كی هه‌واڵگری توركیایه‌، كه‌ به‌ ڕێگه‌ی چه‌ته‌كانی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی توركه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌ و ئێستا ده‌یانه‌وێت هێزه‌كانمان و ناوچه‌كه‌مانی پێ تۆمه‌تبار بكه‌ن." 

 

دووپاتیشیكردووەتەوە، "با هه‌موو كه‌سێك بزانێت ئه‌و هێرشانه‌ی، كه‌ ئێستا ئه‌نجام ده‌درێت به‌ پێی زانیارییه‌كانمان ماوه‌ی ساڵێكه‌ ئاماده‌كاری بۆ ده‌كرێت و ده‌وڵه‌تی تورك ڕووداوه‌كه‌ی ئیسته‌نبۆلی كردووەته‌ پاساوێك بۆ هێرشه‌كانی و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ له‌ گه‌له‌كه‌مان و ده‌ستكه‌وته‌كانی له‌م ناوچه‌یه‌ بكاته‌وه‌ و ئارامی ناوچه‌كه‌ تێكبدات، ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌ گه‌مه‌ی ئه‌ردۆغان به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌." 

 

مه‌زڵووم عه‌بدی باسی لەوەشکردووە، " ئەوان هەرگیز ناتوانن بە هێرشی ئاوا ئیرادەی ئێمە بشكێنن، چونكه‌ هێزەکانمان بۆ ئەو هێرشانە ئامادەکرابوون، بۆیە باوەڕمان بەوە نییە، کە بتوانن زیانێکی گەورە بە هێزەکانمان بگەیەنن." 

 

مه‌زڵووم عه‌بدی له‌باره‌ی به‌رده‌وامبوونی هێرشه‌كانه‌وه‌ هۆشداری ده‌دات و ئەوەشی خستووەتەڕوو، " ئه‌گه‌رهێرشی ده‌وڵەتی تورک به‌رده‌وام بێت هه‌موو لایه‌ك زیانی پێده‌گات، ئێمه نامانه‌وێت شه‌ڕێکی گه‌وره‌ ڕووبدات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی تورک پێداگری له‌سه‌ر شه‌ڕێک له دژی ئێمه بكات، ئێمه ئاماده‌ین، به‌ڵام شه‌ڕ هه‌ر لێڕه‌ نابێت و لە هەموو شوێنێکدا بڵاودەبێتەوە و کاریگەری لەسەر هەمووان دەبێت." 

 

مەزڵوم عەبدی ڕوونیشیکردووەتەوە، "بەپێی ئەو زانیارییانەی به‌ ده‌ستمان گەیشتووە، بۆردومانەکە بۆ ماوەیەکی تر بەردەوام دەبێت، لە بارودۆخی ئێستادا هیچ جموجۆڵێکی وشکانی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە نییە، ئێمەش لەلایەنی سەربازییەوە ڕێوشوێنمان گرتووەتەبەر، بەڵام بۆ ئه‌وه‌ی گەلەکەمان زیانیان پێ نه‌گات، پێویسته‌ ئه‌وان پابەند بە بڕیارە ئەمنییەکانەوە بن."