ناس کورد-
ئەندامێکی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایگیاند،ئەو بڕە نەوتەی گەیشتووەتە کۆگەکانی سوتەمەنیی پارێزگای سلێمانی نۆ ملیۆن و 150 هەزار لیترە، لەکاتێکدا پارێزگاکە پێویستی بە زیاتر لە 105 ملیۆن لیتر نەوتە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا (شەممە 19-11-2022) ڕایگەیاند، " لە سنووری پارێزگای سلێمانی ناوچە شاخاوییەکانی قەزای دووکان و پارێزگای هەڵەبجە، قەزای قەرەداخ، ئیدارەی گەرمیان و قەزای چوارتا نەوتیان بەسەردا دابەشکراوە، بەڵام بەشێکی ئیدارەی راپەڕین و سنووری قەزای پێنجوێن ماون نەوتیان بەسەردا دابەشبکرێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە دابەشکردنی نەوت بەسەر ناوچە شاخاوییەکاندا بهێنرێت."
وتیشی، "تاوەکو ئێستا نزیکەی نۆ ملیۆن و 150 هەزار لیتر نەوت گەیشتووەتە کۆگاکانی سوتەمەنیی پارێزگای سلێمانی و زیاتر لە حەوت ملیۆن لیتری دابەشکراوە بەسەر 35 هەزار خێزاندا، لەکاتێکدا لە سنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر 527 هەزار خێزان هەن و پێویستیان بە زیاتر لە 105 ملیۆن لیتر نەوت دەبێت، واتە ئەو بڕەی گەیشتووە بەشی 10%ی ماڵەکانی سلێمانی ناکات."
لەبارەی ئەو بڕە نەوتەی کە بڕیارە حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت، سەلام عومەر، باسی لەوەکرد، "تاوەکو ئێستا نەوتەکەی بەغدا نەگەیشتووە و چاوەڕوانین لە داهاتوودا ئەو بڕە نەوتەی بڕیارە بنێردرێت بگات، بەڵام ئەگەر بشنێردرێت نرخەکەی گرانە و هەر لە شوێنی خۆی 150 هەزار دینارە بەبێ کرێی گواستنەوە."