گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

لەبارەی خۆپیشاندانەکان زانکۆی سلێمانی بڕیارێکی دەرکرد

2022.11.17 - 18:34
App store icon Play store icon Play store icon
لەبارەی خۆپیشاندانەکان زانکۆی سلێمانی بڕیارێکی دەرکرد

 

ناس کورد- 

ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی  خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی زانکۆکە بڵاوکردەوە و دەڵێت، داواکارییەکانی خوێندکاران ڕەوان، بەڵام دابینکردنیان ئەرکی حکومەتە نەک زانکۆ، هاوکات بڕیاریداوە، رۆژی 19ی مانگ دەست بە دەوام دەستپێدەکاتەوە و هەرکەس دەوام نەکات، بە نەهاتوو هەژمار دەکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 





دەقی ڕوونکردنەوەکە: 

 

روونكردنەوەیەك لە ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانییەوە 

سڵاوی زانست... 

لە رۆژانی رابردودا ژمارەیەك لە خوێندكاران خۆپیشاندانیان بۆ هەندێك داواكاری ئەنجامدا،لەگەڵ ڕەوایەتی بەشێك لە داواكارییەكانیان، بە داخەوە دوور لە رەفتاری خوێندكاری زانكۆ، ناڕەزایەتییەكە بە ئاڕاستەیەكی نامەدەنیدا براو بەهۆیەوە زیانی مادی زۆر بە بیناو كەرەستەی زانكۆمان گەیەنرا. ئەمجۆرە ڕەفتارە نامەدەنییانە كاریگەری زۆر نەرێنی كردووەتە سەر شاری سلێمانیش، بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم روونكردنەوەیە بۆ رای گشتی بخەینەڕوو: 

 

1- سەبارەت بە داواكاری دەرماڵەی خوێندكاران، ئەم بابەتە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە نەك زانكۆی سلێمانی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجومەنی زانكۆ پشتیوانی ئەم داوا ڕەوایەی خوێندكارانی كردووەو بە نووسراوی فەرمیش لە دوا كۆبوونەوەی مانگی (6/2022) دا بە كۆی دەنگ داوای دەرماڵەی ساڵی خوێندنی (2022-2023)ی كردووە.

 

 2 - سەبارەت بە كرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران ئەم داواكارییەش لەسەرووی دەسەڵاتی زانكۆی سلێمانییەوەیە، ئەگەر چی ساڵانە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە رێژەی لە (%45) لە كرێی خوێندن كەمكراوەتەوەو سێ ساڵە ئەم بڕیارە جێبەجێدەكرێت، هەروەها زانكۆی سلێمانی جیاواز لە زانكۆكانی تر بەشە ناوخۆیی بۆ خوێندكارانی (پارالێل- ئێواران) ، بە بێ بەرامبەر دابین كردووە، كە ئەمە لە هیچ زانكۆیەكی تردا نەكراوە.

 

3- سەبارەت بە بەشەناوخۆییەكان و پێداویستییەكانیان، لەگەڵ ئەوەی ئەم داواكارییە داوای خوێندكارانی زانكۆكانی ترە، نەك خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی، بەڵام بۆ دڵنیابوونەوەی هەموو لایەك، زانكۆمان هەر لە پشووی هاوینەوە دڵسۆزانە لە نۆژەنكردنەوەو دابینكردنی پێداویستییەكانی بەشە ناوخۆییەكان درێغی نەكردووە،بۆ دڵنیاییش وردەكاری خزمەتگوزارییەكانی بەشەناوخۆییەكان، بە بەڵگەوە بەردەستە.

 

 4- ئەركی زانكۆ ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندن و پێگەیاندنی كادری زانستییە بۆ بازاڕو دامەزراوەكانی حكومەت. زانكۆی سلێمانیش پێگەیەكی بەرچاوی زانستی لەهەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا هەیە و ، هەمیشە پێشەنگ بووە، بەڵام سەبارەت بەداواكاری دامەزراندن و هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆ، ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانە. لەكۆتاییدا بۆ سەرجەم هاووڵاتییان و رای گشتی رادەگەیەنین كە ئەنجومەنی زانكۆمان، بڕیاریداوە رۆژی شەممە رێكەوتی (19-11-2022)، پرۆسەی خوێندن و تاقیكردنەوەكان و تۆماركردنی ئامادەنەبوون لەسەرجەم كۆلێجەكان دەستپێدەكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لەخوێندكارانی خۆشەویست دەكەین پابەندی دەوام بن و خۆیان بەدووربگرن لە هەر رەفتارێكی نازانستی و نا شارستانی ، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن بە شێوەیەكی زانستی و یاسایی پەیڕەو بكرێت ، هەر سەبارەت بەو ڕەفتارانەش كە هەندێك كەس دژ بە ناوبانگ و پێگەی خوێندكاران و زانكۆمان كردویانە، رێوشوێنی یاسایییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر. 

 

ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی

 16/11/2022