ناس کورد-
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەبارەی پشتگوێخستنی "زۆنی سەوز" لەلایەن حکومەتەوە ڕوونکردنەوە دەدات و وردەکاری کۆبوونەوەیەکیش لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی ئاشکرا دەکات کە باسیان لە سیستمی لامەرکەزی کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بینیویەتی (پێنجشەممە 17-11-2022) ڕایگەیاند، "کێشەکانی پارتی و یەکێتی هێندە گەورەنین کە چارەسەر نەکرێن."
وتیشی، "پێمانناخۆش بوو کە یەکێتی بابەتی حکومەت و حوکمڕانی بردە لای لایەنەکانی دیکە، چونکە ئەو کێشانەی هەبوو دەبوو لە ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، نەک ببرێتە دەرەوە، یاخود پارتی و یەکێتی و گۆڕان کە پێکهێنەری حکومەتن، کۆببوونایەتەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ڕابردوودا کە لە سلێمانی داوای سیستمی لامەرکەزی دەکرا، شاندێکی باڵای پارتی چووین لەگەڵ شاندێکی باڵای یەکێتی بە سەرۆکایەتی لاهور شێخ جەنگی کۆبووینەوە کە ئەوکات هاوسەرۆکی یەکێتی بوو، لە کۆبوونەوەکە ئەوان وتیان کە داهاتی سلێمانی ئەوەندە زۆرە ئەگەر لامەرکەزی جێبەجێبکرێت، ئەوا بەشی هەموو سنوری سلێمانی و ڕاپەڕین و گەرمیان و هەڵەبجە دەکات، بەڵام ئێستا کە داهاتی ئەو سنورە کەمێک کەمی کردووە، یەکێتی داوا دەکات مەرکەزییەتی دارایی جێبەجێ بکرێت."
ڕوونیشیکردەوە، "ئێمە کێشەمان لەگەڵ مەرکەزییەتی دارایی نییە، بەڵام دەبێت داهاتی هەموو سنور و ناوچەکانیش ڕوون بن و کۆبکرێنەوە، هەر لە ڕابردوودا لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا هێزێکی هاوبەش پێکبهێنرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قاچاخچیتی لە سنورەکان و ئاگاداربوون لە داهاتەکان، بەڵام دواتر یەکێتی ڕازی نەبوون بە پێکهێنانی ئەو هێزە."