گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشتر دیپۆرتى هەرێم کراوەتەوە

ئەوروپا بەدواى قاچاخچییەکى عێراقیدا دەگەڕێت

2022.11.16 - 23:43
App store icon Play store icon Play store icon
ئەوروپا بەدواى قاچاخچییەکى عێراقیدا دەگەڕێت

ناس کورد-

 

دەسەڵاتدارانی ئەوروپا بەدوای قاچاخچییەکی عێراقیدا دەگەڕێن کە بەداڕێژەری تۆڕێکی فراوانی قاچاخچێتى دادەنرێت، تۆمەتبار دەکرێت بەوەی هەوڵی بە قاچاخبردنى نزیکەی 100 کۆچبەری داوە بۆ بەریتانیا، کەواتە ئەم قاچاخچییە کێیە کە نازناوی "عقرب"ی لێنراوە؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ٩ی ئەم مانگەدا دەزگای بەرەنگاربوونەوەى تاوان لە بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا باسی لە هاوکارییەکانی لەگەڵ پۆلیسی بەلجیکا کرد بۆ گەڕان بەدوای داڕێژەری باندێکی ڕێکخراو کە بەرپرسیارن لە بە قاچاخبردنى نزیکەی ١٠٠ کۆچبەر بە بەلەمی بچووک و بارهەڵگر بەرەو بەریتانیا.

 

ئاژانسەکە وێنەی کەسێکی بڵاوکردەوە کە "لە ئەپڵیکەیشنی واتسئەپەوە وەرگیراوە" و دەڵێت قاچاخچییە داواکراوەکە ناوی بەرزان کەمال مەجیدە، هاووڵاتی عێراقییە و تەمەنی ٣٦ ساڵە.

 

ماوەی چەند ساڵێکە لێکۆڵەرە ئەوروپییەکان لە فەرەنسا، بەریتانیا، بەلجیکا و هۆڵەندا هەوڵی شوێنپێهەڵگرتنی ئەو قاچاخچییە دەدەن.

 

ئاژانسەکە باس لەوە دەکات کە لێکۆڵەران لەسەر تەلەفۆنی کۆچبەران ژمارەیەکی تەلەفۆنیان لە ژێر ناوی ساختەی "عقرب" دۆزیوەتەوە، کە بە زمانی ئینگلیزی بە واتای "Scorpion" دێت. 

 

دەشڵێت، بەرزان کەمال مەجید لە ساڵی 2013ەوە ڕووی لە بەریتانیا کردووە و لە ناوچەی هاکناڵ لە شاری نۆتینگام نیشتەجێ بووە، دواتر لە ساڵی 2015 لە بەریتانیا دیپۆرت کراوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. دەزگای تاوانەکانی بەریتانیا پێی وایە مەجید هێشتا پەیوەندی لەگەڵ نۆتینگام هەیە.



لێکۆڵینەوەی هاوبەشی ئەوروپی

ساڵی 2021، (فەرەنسا، بەریتانا، هۆڵەندا، بەلجیکا)، بەهاوبەشى لێکۆلینەوەیان لە بە قاچاخ بردنی نزیکەی 100 کۆچبەری نایاسایی کرد لەناو بەلەمی بچوک و بارهەڵگر و کۆنتێنەری کەشتیوانی لە نێوان مانگی تەمموزی 2018 تا تشرینی دووەمی 2019.

 

 بە گشتی لێکۆڵەران چاودێری 31 کۆچبەری نایاسایییان کرد کە بە نایاسایی پەرێنراونەتەوە لەلایەن تۆڕى ئەو قاچاخچییەوە.



سزای زیندانیکردن و غەرامەی دارایی

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا دادگای بەلجیکا سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ قاچاخچییە عێراقیەکە بە غیابی سەپاند لەگەڵ پێبژاردنى نزیکەی یەک ملیۆن یۆرۆ.

 

لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2021، دادگای بەریتانیا، هاوکارێکى عێراقى ئەو قاچاخچییەى بە ناوی نزار جبار محەمەد تەمەن 35 ساڵ سزا دا، دوای ئەوەی دانی بەوەدانا کە هەوڵی داوە 21 کۆچبەر بە قاچاخ بگەیەنێتە شانشینی یەکگرتوو بە بەکارهێنانی بارهەڵگر و بەلەمی بچووک.

 

 هەروەها دادگای بەلجیکا سزای دوو ساڵی دیکەی بەسەر نزار جبار محەمەددا سەپاند و بە بڕی 272 هەزار یۆرۆ غەرامە کرا.

 

دەزگای نیشتیمانى بەرەنگاربوونەوەى تاوان لە بەریتانیا ئاماژەی بەوەداوە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دەسەڵاتدارانی بەلجیکا تۆمەتیان ئاڕاستەى ٢٣ کەسی دیکە کردووە کە سێ کەسیان لە بەریتانیا دەستگیرکراون و ڕادەستی بەلجیکا کراون.

 

لای خۆیەوە مارتن کلارک، سەرۆکی دەزگای نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەى تاوان لە بەریتانیا ڕایگەیاند، "تۆڕەکانی قاچاخچێتی کۆچبەران بەزۆری سنوورە نێودەوڵەتییەکان دەبەزێنن، ئەمەش بەو مانایەیە کە هاوکاری نێودەوڵەتی پێویستە بۆ بنبڕکردنیان".

 

دەشڵێت "هەر کەسێک لە هەر شوێنێک زانیاری لەسەر شوێنی بەرزان کەمال مەجید هەیە با پەیوەندیمان پێوە بکات یان دەستبەجێ پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی بەلجیکاوە بکات".