ناس کورد-
ئیڤانکا ترەمپ، کچی دۆناڵد ترەمپ ئاشکرایکرد کە پلانی نییە پەیوەندی بە هەڵمەتی بانگەشی باوکییەوە بکات بۆ دووبارە کاندیدبوون بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا کە بڕیارە ساڵی 2024 بەڕێوەبچێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی هەواڵێکی تۆڕی هەواڵیی "ئەی بی سی"ی ئەمریکی، ئیڤانکا دەیەوێت کاتێکی زیاتر بەسەر ببات لەگەڵ سێ منداڵەکەی کە لە جارید کۆشنەر هەیەتی.
ئیڤانکا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕەکە گوتوویەتی، "من زۆر باوکمم خۆشدەوێت، بەڵام ئەمجارە دەمەوێت زیاتر کات بدەم بە منداڵە بچووکەکانم و ژیانی تایبەتم، نامەوێت لە سیاسەتەوە بگلێم جارێکی تر."
پێشتر و لە کاتی سەرۆکایەتی باوکیدا لە ساڵانی 2016 بۆ 2020، ئیڤانکا و کۆشنەری هاوسەری لە گەورە ڕاوێژکارانی کۆشکی سپی بوون.
دۆناڵد ترەمپ خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر کردەوە و ڕایگەیاند، هەوڵی تەواو دەدات رێگە نەدات بایدن ببێتەوە سەرۆکی ئەو وڵاتە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا چەند خولەکێک پێش ئەوەی لە فلۆریدا گوتارێک بۆ لایەنگرانی پێشکێش بکات، مامەڵە فەرمییەکانی بەربژێربوونی خۆی لە حکومەت پڕ کردبووەوە.
ئێستا سەرۆکی پێشوو گەڕاوەتەوە نێوی ململانێی گۆڕەپانی سیاسی، ئەمە لە کاتێکدایە کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەیی ئەمریکا دەنگێکی باشیان بەدەستهێنا.
دۆناڵد ترەمپ لە گوتارەکەیدا گوتی: "بۆئەوەی ئەمریکا مەزن و شکۆدار بکەینەوە، بەربژێربوونی خۆم بۆ سەرۆکی ئەمریکا رادەگەیێنم".
ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2016دا بەسەر هیلاری کلینتن، بەربژێری پارتی دیموکراتدا سەرکەوت و ماوەی سەرۆکایەتییەکەی یەکێک لە مشتومڕترینەکان بوو.
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2020یشدا ترەمپ بەربژێری کۆمارییەکان و بایدنیش بەربژێری دیموکراتەکان بوو و بایدن سەرکەوت، هەرچەندە ترەمپ ئەنجامەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، ساختەکاری کراوە.