ناس کورد-
ئاژانسى تەسنیمى سەربە سوپاى پاسدارانى ئێران رایگەیاند، هێرشەکان بۆ سەر حزبە کوردییەکان لە هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت و ئەگەرى ئۆپراسیۆنى زەمینیش هەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاژانسەکە (15-11-2022) لەزارى سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە گواستییەوە، "لەهەر شوێنێک هەست بە مەترسی بکەین و لێیەوە هەنگاو دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران بگیرێتەبەر، ئێمە بە خاکێکی دوژمنکارانە دەزانین".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەو پێیە مافی ئەوەمان هەیە هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەنجامبدەین، لەوانەش ئۆپەراسیۆنی زەمینی و موشەکی و تۆپخانە، بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکان.
سەرچاوەکە جەختیکردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنی بەهاری ٢ لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژرا و جێبەجێ کرا، ئۆپەراسیۆنەکانی پاسداران بەردەوام دەبێت تا ئەو گروپانە لەچەک دادەماڵرێن یان بە تەواوی لە کوردستانی عێراق دەردەکرێن.
رۆژی دووشەممە 14-11-2022، جارێکى تر ئێران بە موشەک و فڕۆکەى بێفڕۆکەوان هێرشیکردە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و بارەگاکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە زڕگوێز لە سنووری سلێمانی و بەهۆیەوە لە کۆیە دوو کەس کوژران و هەشت کەسیش بریندار بوون.