ناس کورد-
بەهۆی بایکۆی بەشێک لە فراکسیۆنەکان، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەناڵێنێت بە دەست بەدەستهێنانی نیسابی دانیشتنەکانی، سەرۆکی پەرلەمانیش دەڵێت، "بە هەڵاهەڵا و پاڕانەوە نیسابمان ھێشتووەتەوە و 56 ئەندام ھاتوونەتە ژورەوە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە، 15ی تشرینی دووەمی 2022، ڕێواز فایەق لە یەکەم دانیشتنی دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و بایکۆتی فراکسیۆنەکانی کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ، سەربەخۆکان و چوار پەرلەمانتاری گۆڕان بەڕێوەچوو.
ڕێواز فایەق لە دانیشتنەکەدا گوتی، "بە پاڕانەوە نیسابمان هێشتووەتەوە، دووجار دەنگدانمان ڕاگرتووە لەبەر ئەوەی نیساب نییە."
گوتیشی، "فراکسیۆن ھەیە دوو ئەندامی لە ژورەوەیە."
فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و پێکھاتەکان پشتیوانی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیان کردووە، بەڵام ئەمڕۆ بەشێکیان نەچونەتە ناو دانیشینی پەرلەمان و ئەمە سەرۆکی پەرلەمانی توڕە کردووە.
هاوکات شایان عەسکەری، ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، "بەھۆی ئەو ھەڵوێستانەی نواندوومانە بەرامبەر درێژکردنەوەی نایاسایی تەمەنی پەرلەمان، لایەکی ھۆڵی دانیشتنی پەرلەمان چۆڵە، ئەو پەرلەمانەی باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانانە و سەرۆکەکەی پسپۆری لە یاسادا ھەیە، سەرپێچی یاسایی دەکات و بە نایاسایی تەمەنی خۆی درێژ دەکاتەوە و مافی ھەڵبژاردن لە دەنگدەر زەوت دەکات."
دەشڵێت، "ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمان کێشەی تەواو بوونی نیسابی ھەبوو."