ناس کورد-
لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی کوردستان، راپۆرتێک لەبارەی رەوشی چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستان پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات، ئەوەش بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی نێو چاکسازییەکان باشتر بێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەیلا عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی کوردستان (سێشەممە 15-11-2022) بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند، " ماوەیەکە لیژنەکەمان سەرقاڵی بەدواداچوونە لەبارەی رەوشی چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستان و چەندین سەردانی مەیدانی بۆ ھەموو پارێزگاکانی ھەرێم کراون و بەدواداچوون بۆ رەوشی نێو چاکسازییەکان کراوە، ھەموو ئەو کەموکورتیانەی ھەن لە چوارچێوەی راپۆرتێک ئامادە کراون و پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "کێشە و کەموکوڕیی نێو چاکسازییەکان زۆرن، لەوانەش نەبوونی ھۆڵی پێویست بۆ ئەو کەسانەی لەنێو چاکسازییەکانن و زۆریی ژمارەیان و باشترکردنی رەوشی زیندانیان لە ڕووی چاکسازی و تەندروستی و یەکلاکردنەوەی کەیسەکان."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لیژنەکەمان لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان بەدواداچوونی باشی کردووە لەگەڵ دەزگاکانی ئاسایش و چاکسازییەکان کۆبووینەتەوە، دەمانەوێت رەوشی چاکسازییەکان باشتر بکرێت و لەنێو راپۆرتەکەمان داواکاریی زیندانیان گەیەندراوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان."