ناس کورد-
وەزارەتی شارەوانیی هەرێم ڕایگەیاند، بڕیارێکیان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان دەرکردووە و لە بڕە پارەیەک خۆش دەبن کە تایبەتە بەو ماڵانەی پێوەری ئاویان نەبەستووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم (دووشەممە 14-11-2022) ڕایگەیاند، "لە ئێستاوە تا ڕێكەوتی 21-12-2022، ئەو هاوبەشانەی ئاو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، ئەگەر پێوەری ئاویان نەبەستاوە و پێوەر ببەستن، سوودمەند دەبن لە داشکاندنی کرێی ئەو مانگانەی لەسەریانە کە پێشتر بڕی 80 هەزار دینار دیاریكرابوو، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتییان، ئێستا بۆ 20 هەزار دینار لە ناوەوەی شارەكان كەمكراوەتەوە، هەروەها بۆ بڕی 10 هەزار دیناریش بۆ دەرەوەی شارەکان كەمكراوەتەوە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بە پێچەوانەوە ئەو هاوبەشانەی پابەند نەبن، لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە بڕی 80 هەزار دیناری مانگانەیان بۆ ئەژمار دەکرێت."
وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، " بۆ ئەوەی لەو بڕیاری داشكاندنە سوودمەند بن، پێویستە بەزووترین کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو یان فەرمانگەی ئاو بكەن، كارمەندان لە پێشوازیتان دەبن بۆ ڕاییكردنی مامەڵەی بەستنی پێوەری ئاو و سوودمەندبوون لە داشكاندنەكە."