ناس کورد-
کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یەکەم کۆبوونەوەیدا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی دیاریکرد، ئەندامێکی کۆمیتەکەش دەڵێت،
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە پۆستێکی لە فەیسبوکی خۆی (12ی تشرینی دووەمی 2022) نوسیویەتی، "ئەمڕۆ لە یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان بەشداربووین، لە بەشێکی کۆبوونەوەکە هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی دیاریکران، پیرۆزبای لە هەمویان دەکەین، ناوی من لە لیستی پالێوراوان نەبووە، من بە ئاسایی دەزانم، گرنگ ئەوەیە پارتیمان بەهێزتر بیت".
دەشڵێت، "لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوو بە هەمو دڵسۆزی و خەمخۆری خزمەتی پارتیم کردووە، بە هەمان دڵسوزی و گەرموگوری بەردەوام دەبین."
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی 17 کەس وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیاریکران.
نەوزاد هادی کە یەکێکە لەو ئەندامانە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بەپێی پەیڕەی ناوخۆ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردران.
نەوزاد هادی، ئاشکراشیکرد لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەندامانی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی هەڵنەبژێردراون و ئەمە بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە.
ناوی 17 ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
فازڵ میرانی
ئازاد بەرواری
هوشیار زێباری
زەعیم عەلی
رێبوار یەڵدا
مەحموود محەممەد
کەمال کەرکووکی
سیداد بارزانی
فواد حوسێن
هێمن هەورامی
هیوا ئەحمەد مستەفا
زاگرۆس فەتاح
نەوزاد هادی
ئامینە زکری
سەربەست لەزگین
پشتیوان سادق
عەلی حوسێن
رۆژی سێی ئەم مانگە (تشرینی یەکەم) کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو و تێیدا سەرۆک، دوو جێگری سەرۆک و 51ـی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ئەو حزبە بە دەنگی ئەندامانی کۆنگرە هەڵبژێردران.
مەسعود بارزانی لە رۆژی کۆتایی کۆنگرەدا وێڕای پیرۆزبایی لە ئەندامانی کۆنگرە و پارتی، گلەیی ئەوەشی کرد لە ناو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیدا هیچ کوردێکی ئێزدی تێدا نییە و بۆیە ئەندامانی کۆنگرە سەرۆک بارزانیان دەستکراوە کرد بۆ دیاریکردنی کوردێکی ئێزدی لە ناو رێزی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیدا.
نەوزاد هادی لەبارەی ئەو پرسەوە گوتی: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باس لەو پرسە نەکرا و لە داهاتوودا یەکلادەبێتەوە.