ناس کورد-
نەریمان حەسەن کۆچبەرى کورد لە سوید هەشت ساڵە چاوەڕوانى ئەوەیە گورچیلەى بۆ بچێندرێتەوە، بەڵام یاساى ئەو وڵاتە ڕێگەى پێنادات و بەردەوام لە ئازاردا دەتلێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نەریمان 42 ساڵ کە دانیشتووی شاری هودیکسڤاڵە لە سوید ڕۆژ ناڕۆژێک ناچارە چارەسەری دیالیز وەرگرێت، بەهۆی ئەوەی نەخۆشی گورچیلەی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی مافى مانەوەى هەمیشەیی سویدی نییە، یاسا ڕێگەی نادات گورچیلەی بۆ بچێننەوە، ئەوەش بەپێی رادیۆى سوید.
نەریمان حەسەن دەڵیت "تەنیا داوای ئەوە ئەکەم ژیانم پێببەخشنەوە، هەشت ساڵە تەحەمولم کردووە، تا سەرئێسقان دڵم لەهەموو شتێک شکاوە، رۆژ نارۆژێک دەبێت چارەسەر وەربگرم".
نەریمان ئێستا سەرقاڵى نوسینى سکاڵایەکە تا بتوانێت رەگەزنامە وەربگرێت تا دواتر گورچیلەى بۆ بچێنن، بەڵام دیار نییە سکاڵاکەى ئەنجامى دەبێت یان نا.
"هەموو حەسرەتى من ئەوەیە بتوانم بەدڵى خۆم دوو پەرداخ ئاو، دوو پارچە میوە بخۆم، داوادەکەم ژیانم پێ ببەخشنەوە"، نەریمان وایوت.