ناس کورد-
ناهاوسەنگی لە دابەشکردنی فەرمانبەران بەسەر دامەزراوەکان لەهەرێم هێشتا کارێکی ئەوتۆی تێدانەکراوە و کێشەدارترین وەزارەت هێشتا هیچ راپۆرتێکى لەبارەى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازیی پێشکەش نەکردووە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى تایبەت بە هەڵسەنگاندنى کارەکانى حکومەت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راپۆرتەکە (8-11-2022) کە لەلایەن رێکخراوى رێکخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و پەرەپێدان ئامادەکراوە و دەست "ناس کورد" کەوتووە، حکومەتی هەرێم هیچ داتایەکی لەبارەی ئەو بڕە پارەیە بڵاونەکردووەتەوە کە لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاساى چاکسازیی و رێکخستنەوەی میلاکی فەرمانبەران و مووچەخۆران بۆ حکومەت گەڕاوەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرەڕای دەرکردنی یاسای چاکسازی کە هەنگاوی یەکەم بۆ چاکسازی لە مووچەخۆرانی کەرتی گشتی دادەندرێت، بەڵام ئەم تێبینیانە تۆمارکراون:
· یاسای چاکسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 لەپەرلەمانی کوردستان دەرکراوە و رێنمایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی دەرکراوە، سەرەرای ئەوەی لە جێبەجێکردندا وەزارەتەکانی حکومەت رەخنەیان لێی هەیە، پێیان وایە دژیەکی لەناوەرۆکی یاساکە هەیە، کە بۆتە بەربەست لەبەردەم ئەوەی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
یاساکە هێشتا لە سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت بەیەک ئاست جێبەجێ نەکراوە، بەگویرەی راپۆرتی سێیەمی دەستەی دەسپاکی لە کۆی 26 دامەزراوە و سەرۆکایەتی و وەزارەتی حکومەتی هەرێم، تەنها وەزارەتی پێشمەرگە هیچ داتایەکی لەبارەی جێبەجێکردنی یاساکە نەداوەتە دەستەکە. لەکاتێکدا بەگوێرەی بەدواداچون زۆرترین کێشەی مووچە خۆر لەم وەزارەتەیە، بەڵام لە وەزارەت و دامەزراوەکانی تر بە رێژەی جیاجیا بۆ پێداچونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پلە بالاکان جێبەجێکراوە، بەڵام حکومەتی هەرێم هیچ داتایەکی لەبارەی ئەم پارەیەی کە لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاساکە و رێکخستنەوەی میلاکی فەرمانبەران و مووچەخۆران بۆ حکومەت گەڕاوەتەوە بڵاونەکردۆتەوە، لە کابینەی نۆیەم. بەڵام ئێستا پارەی پێویست بۆ دابینکردنی مووچە زیاد بوە، بەجۆرێک لە 2020 بۆ دابینکردنی مووچە، حکومەتی هەرێم پێویستی بە 881 ملیار دیناربووە، لە 2022 رێژەکە بۆ 900 ملیار دینار بەرزبۆتەوە.
· هەیکەلیەتی ئەنجومەنی راژە بەگوێرەی یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی کوردستان لە تەمووزی 2022 لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند کراوە، بەڵام ئەنجومەنەکە تا ئێستا هەنگاوی کرداری بۆ رێکخستنەوەی میلاکات نەناوە، پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران هێشتا بەیەکسانی ئەنجامنادرێت، بۆ نمونە لەکەرتی سەربازی، سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم پلە بەرزکردنەوە ئەنجامدراوە، بەڵام پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ئاسایی کە لەدوای ساڵی 2013ەوە وەستاوە.
. ناهاوسەنگی لەدابەشکردنی فەرمانبەران بەسەر دامەزراوەکان هێشتا کارێکی ئەوتۆی تێدانەکراوە.