ناس کورد-
بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی سلێمانی ڕایگەیاند، ئاوی ژێرزەویی سلێمانی و هەڵەبجە لە ئاستی بەرزی مەترسیداردا نییە و پێشبینی دەکەن ئەمساڵ ساڵێکی باراناوی تەڕ بێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەباس عەلی، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی سلێمانی تایبەت بە ناس کوردی ڕایگەیاند، "لە هەندێک شوێنی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە، بە تایبەت لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، "بەڵام ئێمە 12 حەوزی لاوەکی ئاوی ژێرزەوییمان هەیە، لە زۆرێک لە حەوزەکاندا ئێمە لە ئاستی سەلامەتیداین."
دەشڵێت، "ئێمە زۆنی سەوز و زەرد و پرتەقاڵی و سورمان هەیە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو کە وشکەساڵی بوو نزیکبووینەوە لە زۆنی پرتەقاڵی، بەڵام نەچووینە زۆنی سور کە مەترسیدارترینە."
"ئاوی ژێرزەوی لە سلێمانی لە 12 مەتر بۆ 54 مەتر دابەزیوە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، واتە وەک هەولێر نییە کە 700 مەتر دابەزیوە،" عەباس عەلی وای وت.
باسی لەوەشکرد "ئەگەر بێتوو ئەمساڵ تاوەکو 600 ملم باران ببارێت، ئەوە لە قەیرانی ژێر زەوی ڕزگارمان دەکات."
جەختیکردەوە "بۆیە دەتوانین بڵێین ئاوی ژێر زەوی لەو مەترسییە بەرزەدا نییە."
وتیشی، "بەپێی هەموو ئامار و پێشبینییەکانی کەشوهەوا، ئەمساڵ ساڵێکی تەڕ و باراناوی دەبێت."