ناس کورد-
سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو ژمارانەی لەبارەی دانیشتووانی هەرێم لە عێراق بڵاو دەکرێنەوە، هیچیان ڕاست نین، دەشڵێت، " ئێمە بە شێوەیەکی زانستی کارێکمان کردووە لەبارەی ژمارەی دانیشتووان و لەمساڵدا رایدەگەیەنین."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان (سێشەممە 8-11-2022) بە مالپەڕی فەرمیی پارتیی وت، " ئەو رووپێو و ئامارانەی کە حکومەتی عێراق ناوە ناوە رایاندەگەیەنێت، هەموویان بە شێوەی پێشبینین و لەخۆیانەوە ژمارە رادەگەیەنن، بۆیە ئەوەی ئەوان باسی دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە، لای ئێمە جێگەی پرسیارە و ڕاست نین."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " ئێمە کارێکمان کردووە لەبارەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە وەکو ئەوانەی عێراق نییە و بە شێوەیەکی زۆر زانستیانە کراوە، بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ ئەنجامەکەی رابگەیەنین، کە ژمارەی دانیشتووان لە 2021 تاوەکو 2030 خەمڵاندنێکمان کردووە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە کۆتایی ئەم مانگەشدا دوو رووپێوی دیکە رادەگەیەنین، ئەوانیش کار و بێکاری و دامەزراوە زۆر بچووک و مامناوەندەکانن، کە بە شێوەیەکی مەیدانی ئەنجام دراوە بۆ ئەوەی بزانین پڕۆژەکانی زۆر بچووک و بچووک و مامناوەند لە چ ئاستێکدان و چەند کەس کاریان تێدا دەکات و داهاتیان چەندە، کە ئەوەیان هاووڵاتی ئاسایین و دەمانەوێت بزانین دۆخی کار لە هەرێمی کوردستان چۆنە."
باسی لەوەشکردووە، " بۆ رێژەی هەژاریش تا ئێستا هیچ نەکراوە، چونکە ئاسان نییە و عێراقیش هەر ژمارەیەک رابگەیەنێت، نادروستە."