ناس کورد-
تەنها ئەمڕۆ دووشەممە لە هەرێمی کوردستان، پێنج ماتۆڕسوار و سەرنشینی ماتۆڕ بەهۆی پێکدادانی ماتۆڕسکیلەکانیان لەگەڵ ئۆتۆمبێلی تردا گیانیان لەدەستداوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی ڕووداوەکانی ئەمڕۆ دووشەممە، 7ی تشرینی دووەمی 2022، دوو کەس لە هەولێر و دوو کەسی تر لە کۆیە و یەکێکی تر لە کەلار بەهۆی پێکدادانی ماتۆڕسکیلەکانیان لەگەڵ ئۆتۆمبێلی تر گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڤیدیۆی پێکدادانی ماتۆڕسکیلێک و ئۆتۆمبێلێکی لەسەر ڕێگای کەسنەزان بڵاوکردەوە کە تێیدا دوو ماتۆڕسکیل گیانیان لەدەستدا.
فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر (7ی تشرینی دووەمی 2022) ڕایگەیاند، "کاتژمێر 4:45 خولەکی سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ، لەسەر شەقامی سەرەکی هەولێر- کەسنەزان لە نزیک فلۆریا سیتی، ماتۆرسکیلێک کە شوفێر و سەرنشینێکی لەسەر بوو، بە ئاڕاستەی پێچەوانەی شەقام دەڕۆیشت، کاتێک گەیشتە شوێن پێچێک کە پێچکردنەوە بەو ئاراستەیە قەدەغەیە، پێچی کردەوە بەبێ ئەوەی بەهیچ شێوەیەک خێراییشی کەم بکاتەوە یان بوەستێت بۆ ئەو ئوتومبێلانەی کە لە شەقامی سەرەکی دەڕۆیشتن، بۆیە کەوتە سەر ڕێڕەوی شوفرلێتێکی تایبەت و پێکدادان دروستبوو".
هاوکات ئەمشەو لە شەقامی حەمامۆك نزیك ھۆڵی ئۆسکار لە کۆیە لە ئەنجامی پێکدادانی ئۆتۆمبێلی جۆری مازدا و ماتۆڕسکیلێك دوو کەس گیانیان لە دەستدا کە شۆفێر و سەرنشینی ماتۆڕسکیلەکە بوون.
هەر ئەمشەو، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەمە ڕوداوێکی هاتووچۆ لەنێوان ماتوورسکیلێک و پیکابێک لە گوندی صاڵح ئاغا سەربەناحییەی قۆرەتوو ڕویدا شۆفێری ماتوورسکیلەکە بەناوی (محمد هادی سلمان ) لەدایکبووی 2006 دانیشتووی کەمپی ناحییەی قۆرەتوو برینداربوو دوای گەیاندنی بەنەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەکەلار و چارەسەری پێویست بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کرا.