ناس کورد-
وەزیری دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو فەرمانبەرانەی کە ئاستیان بەرزە پلەیان بەرز تر دەکرێت و ئەوانەشی ئاستیان نزمە لە ئەرکەکەیان دەبەخشرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێین.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمرۆ دووشەممە، 7ی تشرینی دووەمی 2022، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێم خەڵاتی بەسەر دەرچووانی خولی (شیکردنەوەی ژمێرەی کۆتایی) دابەشکرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتەکە، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی بەڕێوەبەڕایەتی گشتی باجەکانی کرد و لە لایەن دكتۆر (کەمال تەیب) بەڕێوەبەری گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری و بەڕێوبەر و بەرپرسی بەشەكان پێشوازی لێكرا.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، ئاوات جەناب نوری "هیوای خواست ئەم جۆرە خولانە ببێتە هۆکاری بەرز بوونەوەی ئاستی پیشەی و زانستی فەرمانبەرانی باجەکان، چونكە باج سێكتەرێكی گرنگە بۆ كۆكردنەوەی داهات و بەم هەنگاوانەش دەتوانین پشت بە خۆمان ببەستین و ژێرخانێكی ئابوری گرنگ بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكەین. لە بری ئابوریەكی پشت بەستوو بە داهاتی تاك سەرچاوەی سروشتی (ریعی)، بگۆڕین بۆ فرە سەرچاوە و پشت بەخۆ بەستوو."
گوتیشی، "ئەم خولە بەردەوامیە بۆ چاكسازی و بەرەودان بە توانی فەرمانبەران بۆ ئاستی پیشەی و زانستیان. بۆیە ئێمە بنەمای پاداشت و سزامان پەیڕەوكردەوە لەو شوێنانەی كاری باشكراوە پاداشت كراون و لەو شوێنانەش سەرپێچی هەبووە كەسانی سەرپێچیكار سزادراون، تەنانەت هەندێك لە بەڕێوبەرانی بانكەكان و گومرك و دەروازەكان و بانكەكانی سلێمانی ڕووبەڕووی دادگا و یاسا كراونەتەوە."
وەزیری دارایی و ئابوری ئاماژەی بەوەشدا، "ئەو فەرمانبەرانەی کە ئاستیان بەرزە پلەیان بەرز تر دەکرێت و ئەوانەشی ئاستیان نزمە لە ئەرکەکەیان دەبەخشرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێین."
لە درێژەی گوتارەكەیدا، باسی لە هەنگاوەكانی بەدیجتاڵكردنی سیستمی باج كرد و دوپاتی كردەوە دەبێت تەنیا بە پێی یاسا باج وەربگیرێت و باجیش تەنها لەسەر داهاتی ڕاستەقینە(قازانج) وەردەگیرێت."
ئاوات جەناب نوری جەختی لەوەشكردەوە کە "باج لە گەورە باجدەران و كۆمپانیاكان نابێت بە پێی خەمڵاندن بێت. بەڵكو دەبێت لەسەر بنەمای شیکردنەوەی ژمێرەی کۆتایی بێت".