ناس کورد-
ڕۆژنامەنووسێکى عێراقی نیشتەجێی لوبنان دڵنیایی دەدات لە بوونی ناکۆکی لە نێوان گروپە چەکدارە شیعەکان لەسەر کۆنتڕۆڵکردنى پێگە ئەمنییە هەستیارەکان، لە کاتێکدا ئەمەریکا هۆشداری داوەتە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران بۆ دوورخستنەوەی ئەو لایەنانەى باڵی چەکداریان هەیە لە پێگە ئەمنییە باڵاکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
محەمەد سەید موحسین ڕۆژنامەنووسى عێراقی لە بەرنامەیەکی ڤیدیۆیی (٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢) کە "ناس" بینیویەتى ئاماژەى بەوەکردووە، لایەنی ئەمەریکی ڕاوێژکردن بە کەسایەتییەکانی سەر بە گروپەکان بە هێڵی سوور دەزانێت. فشار و ناکۆکی لەسەر دەزگا ئەمنییەکان لە نێوان گروپەکاندا وای لە سودانی کردووە کە دەزگا هەواڵگرییەکان بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی مەترسییەکە دوور بخاتەوە.
دەشڵێت، فشارەکان لە ئێرانەوە دێن، وەزارەتی ئیتڵاعاتى ئێران فشار دەکات بۆ ئەوەى نوجەبا هەواڵگرى بگرێته دەست، لەکاتێکدا سوپای پاسداران پاڵپشتی عەسائیب دەکات بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆسته.
بەوتەى ئەو رۆژنامەنوسە، گروپەکان ئامادەن بکشێن بەرەو کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق.
باسى لەوەشکردووە، پێشنیارێک هەبووە کە عەدنان زورفی بۆ ئەو پۆستە دابنرێت وەک چارەسەرێکى مامناوەند لە نێوان لایەنەکان و لایەنەکانی پشتیوانی ئێران و ئەمریکادا بەڵام ناوەکەی لەلایەن گروپەکانەوە ڕەتکراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی سەر بە چوارچێوەى هەماهەنگییە.