ناس کورد-
سەرۆکى پێشووى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنى پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی دیکەی ھەرێم، لە دادگای باڵای فیدڕاڵی سکاڵاى تۆمار کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
یوسف محەمەد (7-11-2022) لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، "لە داوا دەستورییەکەماندا بە وردی باسمان لە دژ بونی دەرچونی یاسای ناوبراو کردوە لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی و، بەند و مادەکانی دەستوری عێراق کە پەسەندکراوی گەلی کوردستانیشە. سەرباری داوایەکی یاسایی دیکە کە لە کاتی خۆیدا باسی ئەکەین".
دەقى راگەیەنراوەکە:
ئەمڕۆ لە دژی درێژ کردنەوەی ناشەرعیی پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی دیکەی ھەرێم، لە دادگای باڵای فیدڕاڵی سکاڵامان تۆمار کرد..
پاش ئەوەی دوێنێ ٦/ ١١ لە سایتی وەقایعی کوردستان، یاسای بەردەوام بونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان - عێراق ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکرایەوە، ئەمڕۆ لە دادگای باڵای فیدراڵی داوایەکمان تۆمار کرد بە ژمارە (٢٤٨/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٢) بۆ تانەدان لە دەستوری بونی دەرکردنی ئەو یاسایە و، ناشەرعی و نادەستوری بونی درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی دەسەڵاتەکانی ھەرێم بێ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەرد.
پێشتریش چەند جارێک ئاماژەمان بەوە داوە کە هەڵبژاردن وەک گرێبەستی نێوان دەنگدەر و هەڵبژێردراو، مەرجدارە بەو کاتەی بۆی دیاریکراوە و بەو بەڵێنانەی هەڵبژێردراو داویەتی بە دەنگدەر کە لەو ماوەیەدا کار بکات بۆ بەدیهێنانیان. هەر بۆیەش لە دوای تەواو بونی ماوەی یاسایی ئەنجومەن و پۆستە هەڵبژێردراوەکان، شەرعییەت لە دەست ئەدەن و درێژکردنەوەیان ناشەرعییە و دژی بنەما جێگیرەکانی دیموکراسییە.
ھەر بۆیەش لە دوێنێ ٦/ ١١ەوە دەسەڵاتەکانی ھەرێم شەرعییەتیان لەدەست داوە و، لە ھەمان کاتیش بە ھەڵبژاردنی پڕ ساختەکاری و، بێ بێلایەن کردنی ھێزی چەکدار و ئەمنی، شەرعییەتیان بۆ ناگەڕێتەوە.
لە داوا دەستورییەکەماندا، بە سوپاسەوە بەھاوکاریی چەند ھاوڕێیەکی یاساناس، بە وردی باسمان لە دژ بونی دەرچونی یاسای ناوبراو کردوە لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی و، بەند و مادەکانی دەستوری عێراق کە پەسەندکراوی گەلی کوردستانیشە. سەرباری داوایەکی یاسایی دیکە کە لە کاتی خۆیدا باسی ئەکەین.
چاوەڕێ ئەکرێ لە ماوەی کەمی داھاتودا دادبینی لەم داوایە دەست پێبکات..