گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی: کۆتاییمان بە گروپێکی داعش هێنا

2022.11.07 - 08:34
App store icon Play store icon Play store icon
ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی: کۆتاییمان بە گروپێکی داعش هێنا

 

ناس کورد- 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، گروپێکی تیرۆرستی داعشیان لە سنوری چەمچەماڵ  ئاشکراکردووە کە پیلانیان بۆ کردەوەی تیرۆرستی داڕشتووە و لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناحیەی سەنگاو هێرشیانکردوونەتەسەر و ناوچەکەیان خستەژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵی ئاسایشەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕوونکردنەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی (دووشەممە 7-11-2022) ڕایگەیاند، "پاڵپشت بە زانیاری پێشوەختەی هێزەکانمان لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی گروپێکی تێرۆرستی داعش لەبەرواری (٤/ ١١ / ٢٠٢٢) دزەیان کردبووە ناوچەکانی سنوری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، پاش گەیشتنیان بەسنوری ناحیەی سەنگاوی سەربەقەزای چەمچەماڵ، پیلانیان داڕشتبوو چەندین کردەوەی تێرۆرستی ئەنجام بدەن." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێش ئەوەی دەستبکەن بەجێبەجێکردنی پلانە تێرۆرستیەکانیان، زانیاری وردوو دروست گەیشتە دەست هێزەکانمان لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوە شەوی ( ٦ لەسەر ۷/ ١١ / ٢٠٢٢) لەنزیک گوندی کچانی ناحیەی سەنگاو لەلایەن هێزەکانی ئۆپراسیۆنی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی و هاوکاری هێزی ئۆپراسیۆنی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی  ئەو گروپە تێرۆرستیە حەسرکران و لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا پاش ڕوبەڕوبوونەوە و شەڕ بۆماوەی (٣٠) خولەک ( ٢ ) لەچەکدارەکانی گروپەکەی داعش  کوژران و کەسێکی دیکەشیان بەبرینداری دەستگیکرا." 

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دواتر سەرجەم سنورەکەش خرایە ژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵی هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە." 

 

ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی دەڵێت، "چاوەڕوانی زانیاری زیاتربن بە بەڵگە و دۆکۆمێنت و ڕاپۆرتی ڤیدیۆیی جموجوڵەکانی ئەو گروپە تێرۆرستییە لەقەزای چەمچەماڵەوە بۆ ناحیەی سەنگاو و کاتی ڕووبەڕووبونەوەیان و کۆتایی پێهێنانیان  دەخەینەڕوو."