گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەشوهەوا

کەشێکی باراناوی و سارد ڕوو لە هەرێم دەکات و پەڵەش دەدات

2022.11.04 - 13:46
App store icon Play store icon Play store icon
کەشێکی باراناوی و سارد ڕوو لە هەرێم دەکات و پەڵەش دەدات

ناس کورد-

بەپێی پێشبینییە کەشناسییەکان، لە ڕۆژی سێشەمەوە تا کۆتایی مانگ چەند کەشێکی سارد و باراناوی ڕوو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەکەن و پێشبینی دەکرێت لە ماوەیەکی زوودا پەڵە بدات و ئاسەواری وشکەساڵی نەمێنێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاراس جەبار، کەشناسی دیاری هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا (4ی تشرینی دووەمی 2022) دەڵێت، "لە ئەنجامی دابەزینی بارستەھەوایەکی سارد کە لە جەمسەری باکورەوە دێت بۆ سەر ڕۆژئاوای دەریای ناوەڕاست، لە سبەینێوە نزمەپاڵەپەستۆیەک لەسەر دەریای ناوەراست چالاک دەبێت و لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە پێشبینی دەکرێت ئەم نزمەپالەپەستۆیە لەگەڵ بوونی ھەوایەکی سارد بگاتە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و تا ئێوارەی رۆژی چوارشەمە بەردەوامی ببێت".

 

دەشڵێت، "کاریگەریەکانی ئەو شەپۆلە لەسەر ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر زیاتر دەبێت و ئەگەری بارانی بەردەوام و ھەندێک کات پچر پچر دەبێت بەشێوەیەکی لەسەرخۆ، بەھۆی ئەو بارستەھەوا ساردەی لەگەڵیدایە پلەکانی گەرما پێنج تا حەوت پلە نزمدەبنەوە و کەشێکی ساردی لەگەڵدا دەبێت لەگەڵ بارینی بەفرێکی مامناوەند لەچیاکان کە بەرزیان زیاترە لە 2400 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا."

 

ئاراس جەبار ئاشکراشیکردووە کە "بەگشتی بۆ ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و کەرکوک و ناوچەکانی گەرمیان کاریگەری لاواز دەبێت و ئاسمان زیاتر ئەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و لەھەندێک کاتدا ئەگەری نمە باران ئەبێت لەگەڵ نزمبوونەوەی کەم لە پلەکانی گەرما بەرێژەی دوو تا سێ پلە."


ئەو کەشناسە جەختیکردووەتەوە کە "لە دوای ئەم شەپۆلەوە کە تەنھا بۆ ناوچە شاخاویەکانی باکوری ھەرێم باش دەبێت، چەند شەپۆلێکی مامناوەند بۆ بەھێزی بارانبارین لەئارادایە لە ئەگەری جێگیربوونیان بۆ سەرجەم ناوچەکان کاریگەری باش دەبێت و پشتیوان بەخودا تا کۆتایی مانگ لەزۆرینەی ناوچەکان پەڵەش دەدات".

 

دەشڵێت، "ھەر وەک پێشتریش ڕامانگەیاند لە نزیک ناوەراستی ئەم مانگە بەدواوە بارانبارین لەناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە و زۆر دەبێتەوە و کۆتایی بەو وشکەساڵیە دێت کە ماوەی دوو ساڵ زیاترە بەردەوامی ھەیە بەھۆی گۆڕانی پلەی گەرمی وساردبوونەوە و گەرمبوونەوەی ئاوی ناوچە جیاوازەکانی زەریاکان کە بەرپرسن لەگۆڕانی کەشوھەوا و دابەشبوونی سیستەمەکانی پەستانی ھەوا بۆ ماوەی ساڵێک یان چەند ساڵێک لەسەرتاسەری جیھاندا کە ئەم سورە دەبێتە ھۆی زۆربوونەوەی باران لەناوچەیەکدا".