ناس کورد-
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ڕایگەیاند، دیاریکردنی دوو جێگر بۆ سەرۆکی پارتی هیچ پەیوەندییەکی بە ناکۆکی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانییەوە نییە و کوتلەکاری لەنێو پارتیدا بوونی نییە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جەنگی ئاوەکەڵەیی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بینویەتی (پێنجشەممە 3-11-2022) ڕایگەیاند، "هەڵبژاردنەوەی سەرۆک بارزانی بە سەرۆکی پارتی بە دەنگی هەمووان بووە هەموومان پێمانباشبوو سەرۆک بارزانی ببێتەوە بە سەرۆک، چونکە بۆ دۆخی ئێستا پێویستە."
ئەوەی جیاوازبوو لە کۆنگرەی 14ی پارتیدا، دوو جێگر بۆ سەرۆکی پارتی دانران کە نێچیرڤان بارزانی وەک جێگری یەکەم و مەسرور بارزانی وەک جێگری دووەم دیاریکران، لەکاتێکدا پێشتر تەنها نێچیرڤان بارزانی جێگر بوو.
سەبارەت بەوەی دیاریکردنی مەسرور بارزانی وەک جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی ناڕەزایی لێکەوتبێتەوە، ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، "نەخێر هیچ ناڕەزایەتییەکی لێنەکەوتووەتەوە و پێمانوایە بۆ قۆناغی ئێستا بوونی ئەو بۆ هاوکاریکردنی کاک نێچیرڤان گرنگە."
باسی لەوەشکرد، "پێدانی ئەو پۆستە بە مەسرور بارزانی، هیچ پەیوەندییەکی بە ناکۆکی و باڵی مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی نییە و ئەوەی باس دەکرێت دوورە لە ڕاستییەوە و لەناو پارتیدا کوتلەکاری بوونی نییە."