ناس کورد-
بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانیی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئاردەوە لە ئێستادا ناتوانرێت وەك پێشتر 8 نان بكرێت بە هەزار دینار، دەشڵێت، لە ئێستادا یەك فەردە ئاردی توركی نرخەكەی 45 هەزار دینارە و هەركات بووەوە بە 36 هەزار دینار وەك پێشتر 8 نان دەكەنەوە بە هەزار.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانیی سلێمانی (پێنجشەممە 3-11-2022) بە میدیای یەکێتیی ڕاگەیاند، "لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی جەنگی ئۆكرانیاوە نرخی ئارد بەرزبووەوە یەك فەردە ئارد گەیشتە 51 هەزار دینار، بەڵام حكومەتی هەرێم بڕیاری هەڵگرتنی باج و ڕسووماتی لەسەر ماددە خۆراكییەكاندا و ئەوەش كاریگەری لەسەر نرخەكەی هەبوو یەك فەردە ئارد بووەوە بە 42 هەزار دینار، بەڵام دوای ئەوەی بڕیاری دانانی باج و ڕسوومات درایەوە نرخەكەی بەرزبووەوە و ئێستا یەك فەردە ئارد بە 45 هەزار دینارە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەر كاتێك نرخی ئارد نزمبووەوە بۆ 36 هەزار دینار ئەوا هاوشێوەی پێشتر هەشت نان بە كێشی 110 غرام دەكەینەوە بە هەزار دینار، لەم قۆناغەی ئێستاشدا هیچ هاوكارییەكی نانەواخانەكان نەكراوە تەنها لە پارەی كارەبادا هاوكارییان كراوە."