ناس کورد-
ئەو دادوەرەى فەرمانى دەستگیرکردنى شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێی دەرکردووە هۆکارى دەرکردنى فەرمانەکە و وردەکاریی دۆسیەکەى ئاشکراکرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حاکم هیمداد مەجید دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای کۆیە کە فرمانی دەستگیرکردنەکەی دەرکردووە بۆ "VOA" وتى "ئەوە دوو-سێ جارە تەبلیغ بۆ شاسوار دەردەکەین کە لەبەردەم دادگا ئامادەبێت. بەڵام تەبلیغی ناکەن، لەبەرئەوەی جارێک دەڵێن لە ماڵ نیە، جارێکیش دەڵێن شاسوار لە دەرەوەی وڵاتە. کەچی دواتر شاسوار شەو لە تەلەفزیۆن دەردەکەوێت قسە دەکات و زانیارییەکەیان درۆیە. جارێکیش دەڵێن شوێنی دانیشتنی دیار نیە. شوێنی دانیشتنی ئەو دیارە."
هەروەها ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە هۆکاری فرمانی دەستگیرکردنەکە لەسەر شەقامی دووسایدى مام جەلالە "حکومەت پارەی بۆ تەرخان کردووە و بڕیاری چاککردنی داوە و دراوە بە بەڵێندەر و بەڵێندەر دەسبەکاربووە... کەچی شاسوار عەبدولواحید خێرا هاتووە دەڵێت، 'من ئەو ئیشە دەکەم.' باشە کە بۆ کۆمپانیایەکی تر دەرچوبێت تۆ بۆ دێییتە سەری؟! با بچێتە سەر پڕۆژەیەک کە تەواو نەکراوە و فەرامۆشکراوە و پارەی بۆ تەرخان نەکراوە؛ با ئەو پڕۆژەیە تەواو بکات".
دەشڵێت "لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی کۆیە و قایمقامی کۆیە قسەم کردووە، دەڵێن هەر پڕۆژەیەک لە پڕۆژە تەواو نەکراوەکانی کۆیە شاسوار ئامادەیە تەواوی بکات با بێت ئێمە پێشوازی لێدەکەین با بێت تەواوی بکات. بەڵام ئەو دەچێت پڕۆژەیەک کە پارەی بۆ دەرچووە و دراوە بە مقاول بەس بۆ لایڤ دەچێتە سەری، هەتا سبەی ئەگەر مقاولەکە کاری تێداکرد بڵێت، .نا ئەوە لە ترسی شاسوار دەستییان بەو ئیشە کرد.'، شاسوار فێری ئیستغلال بووە و ئیستغلال دەکات، لەبەرئەوە، ئیتر چەند جار تەبلیغ(ڕاگەیەنراومان) بۆ نارد ئامادەنەبوو خۆی بدات بەدەستەوە لەبەرئەوە فرمانی دەستگیرکردنمان بۆ دەرکرد".
بەپێی نوسراوێکى دادگا کە ئاڕاستەى بنکەى پۆلیسى باواجى کراوە، داوا کراوە شاسوار عەبدولواحید دەستگیر بكەن بەپێی مادەی (240) و ماڵەکەى بپشکنرێت.
ماددەى (240) سزاى شەش مانگ زیندانى یان 100 هەزار دینار پێبژاردنى داناوە بۆ هەر کەسێک کە پێشێلی ئەو فەرمانانە بکات کە لەلایەن فەرمانبەرێک یان کەسێکی بەرپرسی خزمەتگوزارییەکی گشتی یان لە ئەنجومەنی شارەوانییەکان یان دەزگایەکی فەرمی یان نیمچە فەرمی لە چوارچێوەی دەسەڵاتە یاساییەکانیان دەرچووە، یان پابەند نەبێت بە فەرمانی هیچ کام لەو دەزگایانە.
لاى خۆیەوە، عەلى حەمەساڵح ئەندامى پەرلەمانى کوردستان کە لەدۆسیەى نەخۆشکەوتنى کازم فاروق لەمشتومڕى تونددایە لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید لە بڵاوکراوەیەکدا نوسیویەتى "دوای ئاشکرابوونی ڕاگرتنی دۆسیەکانی دادگا ترسی هەیە.. پشتی بەردەن و ئیتر ئیشیان پێی نەمابێت! ئاساییە بچێتە تورکیا".
تا ئێستا شاسوار عەبدولواحید هیچ قسەیەکى لەسەر فەرمانى دەستگیرکردنى نەکردووە، بەڵام ئەمڕۆ لەڕێگەى ڤیدیۆیەکەوە کە لە تیک تۆک بڵاویکردووەتەوە، وەڵامى ئەو هێرشانەى دایەوە کە دەکرێتەسەرى، لە دۆسیەى نەخۆشکەوتنى کازم فاروق سەرۆکى پێشووى فراکسیۆنى جوڵانەوەکە لە پەرلەمانى کوردستان.
شاسوار عەبدولواحید (2-11-2022) دەڵێت "بە ڤیدیۆیەکى تیک تۆک راستییەکان روندەکەینەوە و هەموویان سفر دەکەینەوە".