ناس کورد-
دادگاى کۆیە فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ دەرکرد، بەپێی ماددەى (240) لە یاسای سزادانی عێراقى.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی نوسراوێکى دادگا کە ئاڕاستەى بنکەى پۆلیسى باواجى کراوە، داوا کراوە شاسوار عەبدولواحید دەستگیر بكەن بەپێی مادەی (240) و ماڵەکەى بپشکنرێت.
ماددەى (240) سزاى شەش مانگ زیندانى یان 100 هەزار دینار پێبژاردنى داناوە بۆ هەر کەسێک کە پێشێلی ئەو فەرمانانە بکات کە لەلایەن فەرمانبەرێک یان کەسێکی بەرپرسی خزمەتگوزارییەکی گشتی یان لە ئەنجومەنی شارەوانییەکان یان دەزگایەکی فەرمی یان نیمچە فەرمی لە چوارچێوەی دەسەڵاتە یاساییەکانیان دەرچووە، یان پابەند نەبێت بە فەرمانی هیچ کام لەو دەزگایانە.
لاى خۆیەوە، عەلى حەمەساڵح ئەندامى پەرلەمانى کوردستان کە لەدۆسیەى نەخۆشکەوتنى کازم فاروق لەمشتومڕى تونددایە لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید لە بڵاوکراوەیەکدا نوسیویەتى "دوای ئاشکرابوونی ڕاگرتنی دۆسیەکانی دادگا ترسی هەیە.. پشتی بەردەن و ئیتر ئیشیان پێی نەمابێت! ئاساییە بچێتە تورکیا".
تا ئێستا شاسوار عەبدولواحید هیچ قسەیەکى لەسەر فەرمانى دەستگیرکردنى نەکردووە، بەڵام ئەمڕۆ لەڕێگەى ڤیدیۆیەکەوە کە لە تیک تۆک بڵاویکردووەتەوە، وەڵامى ئەو هێرشانەى دایەوە کە دەکرێتەسەرى، لە دۆسیەى نەخۆشکەوتنى کازم فاروق سەرۆکى پێشووى فراکسیۆنى جوڵانەوەکە لە پەرلەمانى کوردستان.
شاسوار عەبدولواحید (2-11-2022) دەڵێت "بە ڤیدیۆیەکى تیک تۆک راستییەکان روندەکەینەوە و هەموویان سفر دەکەینەوە".