ناس کورد-
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، گەشتێکی تایبەت لە فڕۆکەخانەی بەغداوە ڕێکخرابوو کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی حەشدی شەعبی و حزبوڵای عێراقی گواستەوە بۆ شاری مەشهەد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران بۆ سەرکەوتکردنی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئێرانییەکان، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ئێران ئینتەرناشناڵ.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاژانسەکە بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوە و زانیارییەک دەڵێت، لە گەشتەکەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوودا، نزیکەی 150 کەس کە تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 30 ساڵیدابووە بە جلوبەرگی تایبەت و جانتای ڕەشەوە بەرەو فڕۆکەخانەی مەشهەد ڕۆشتوون.
لە ساڵانی ڕابردووشدا ڕاپۆرتی هاوشێوە سەبارەت بە ناردنی هێزی سەرکوتگەر بۆ ئێران لە وڵاتانی هاوپەیمانی تارانەوە هەبووە بە تایبەت لە لوبنانەوە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو کەسانە لەلایەن دوو کەسی ئێرانییەوە ئاڕاستەکراون و هیچ کەسێک بۆی نەبووە لە دەروازەکانی فڕۆکەکە نزیکبێتەوە.
دەشڵێت، ئەو کەسانە لە هێزەکانی حزبوڵای عێراقی بوون و بە ئەگەرێکی زۆرەوە چوونەتە مەشهەد بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەوێ.
ئەو گەشتە تایبەتە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە لە بەغداوە گەیشتە ناو شاری مەشهەد.