ناس کورد-
بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێخۆشبوون بۆ هەزار و 659 کەس دەرکرا کە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە و زۆربەیان پێشتر فەرمانبەری حکومەت بوون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ڕووداوی (31ی تشرینی یەکەمی 2022) ڕاگەیاند، ئەو کەسانە "تاوانیان نەکردووە و مەترسی نین بۆسەر کۆمەڵگە."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونیان کردووە، وەک دڵشاد شەهاب دەڵێت، "بۆ ئەو ژمارەی زۆرەی کە زۆرجار باس دەکرێت لەوەی خەڵکی هەڵهاتوو لە دادگە هەیە واتە ژمارەیەک هەیە لە هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە سێ هەزار کەس داواکراون لە دادگە، بەڵام نەچوونەتە بەردەم دادگە یان پۆلیس دەستگیری نەکردوون یان رێکاریی یاساییان لەگەڵدا نەکراوە، ئەمە ئەوە پێشاندەدات کە کۆمەڵێک تۆمەتبار هەن، ئێستا لەدەرەوە، بەڵام دەستگیر ناکرێن."
بەشێک لەو کەسانەی کە وازیان لە هێزەکانی ناوخۆ هێناوە ئێستا کارێکی دیکە دەکەن، بەڵام فەرمانی گرتنیان هەیە، چونکە دەستیان لە کارەکەیان هەڵگرتووە، بەبێ ئەوەی دەستلەکاربکێشنەوە، بەگوێرەی یاسا ئەو کەسانە "حوکمی غیابیان" لەسەرە.
دڵشاد شەهاب دەڵێت، دەکرێت لەنێو ئەو کەسانەی کە لێخۆشبوونەکە دەیانگرێتەوە کەسانێک هەبن کە لە ساڵی 2000وە ئەو حوکمەیان لەسەر بێت، بە هەر هۆکارێک بێت دەستی لەکارەکەی هەڵگرتووە، بەڵام رێکارەکانی تەواو نەکردووە بۆ ئەوەی دەستلەکارکێشانەوەکەی قبووڵ بکرێت و رێکارەکان تەواو بکرێن.