ناس کورد-
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو بڕە غازەی بۆ پارێزگای سلێمانی دانراوە کەمە و بەشی پێویستی هاووڵاتیان ناکات لە وەرزی زستاندا، هۆشداریشی دا لەوەی، قابیلی قبوڵ نییە قەیرانی غاز دروست بێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (دووشەممە 31-10-2022) ڕایگەیاند، "لیژنەی پیشەسازی و وزە بەردەوام لە بەدواداچووندایە بۆ پرسی غاز و دروستبوونی قەیرانی غاز لە وەرزی زستاندا، ئێستا بەدوای ئەوەین کە گرێبەستەکەمان دەستکەوێت بۆ ئەوەی بزانین گرێبەستی غازی سروشتی چۆن کراوە."
وتیشی، "ئەو بڕەی کە بۆ پارێزگای سلێمانی دانراوە بەشی پێویست نییە، چونکە کارەبا وەک پێویست نییە و نەوتیش گرانە، لە وەرزی زستانیشدا خواست زیاتر دەبێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، "دڵنیاتان دەکەینەوە ئەگەر ئەمساڵیش کێشەی کەمی غاز لە سلێمانی و ڕاپەڕین و گەرمیان دروست بێت، ڕەنگە لای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی قابیلی قبوڵ نەبێت."