ناس کورد-
وەزیرێكی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم، ڕایگەیاند، هەموو كات دوو ئیدارەیی هەڕەشەیە بۆ قەوارەی هەرێم، چونكە هێز و پارە و جوگرافیاش دابەشكراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم دوای کۆبوونەوەی شاندی پارتی و گۆڕان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (یەکشەممە 30-10-2022) ڕایگەیاند، "لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ شاندی پارتی و یەكێتی باسی كێشەی ئەمنی هەرێمی كوردستان كراوە، هەروەها باسی كۆمەڵێك بابەتی جددی و هەستیار كراوە کە پێویستی بە چارەسەركردن هەیە، بەڵام یەكێتی و پارتی هیچ داوایەكیان لە ئێمە نەبووە."
وتیشی، "تا ئێستا حكومەتێكی یەكگرتوو و ئیدارەیەكی یەكگرتوومان نیە، جگە لەوەی کە هێزێکی نیشتیمانیمان نییە، بۆیە دوو ئیدارەیی هەموو كات هەڕەشەیە لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، چونكە ئێمە هێز و پارەمان دابەشە و لە ڕووی جورگرافیشەوە دابەشكراوین."
هەفتەی ڕابردوو، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی نەکرد، دواتر شاندێکی یەکێتی سەردانی لایەنەکانی کرد و نیگەرانی خۆیان لە حکومڕانی هەرێم دابووە لایەنەکان و بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکانیش، شاندەکەی یەکێتی وتبوویان، "یەکێتی چیتر ناتوانێت لە حکومڕانییەکی وادا بمێنێتەوە."
دواتریش لە ڕۆژانی ڕابردوو، شاندێکی پارتی دەستی بە کۆبوونەوە کرد لەگەڵ لایەنەکان، ئەوەش بۆ ئاگادارکردنەوەی لایەنەکان لە ناکۆکییەکانی هەردوولا لە حکومەتدا.