ناس کورد-
پۆلیسی ئەمریکا ڕایگەیاند، کەسێک هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی نانسی پیلۆسی، سەرۆکی کۆنگرێسی ئەمریکا لە کالیفۆڕنیا و بە چەکوش مێردەکەی بریندار کردووە و بەپەلە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەدوای نانسی پیلۆسیدا گەڕاوە
ڕووداوەکە بەیانی هەینی بە کاتی ئەمریکا ڕوویداوە، هێرشبەرەکە دزەی کرووەتە ماڵی سەرۆکی کۆنگرێس و هاواری کردووە "کوا نانسی" و بەدوای ئەودا گەڕاوە، ئەوەش بەپێی گوتەی گوتەبێژی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.
درو هامیل، گوتەبێژی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا (کۆنگرێس) لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندووە، "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پۆڵ پیلۆسی لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێرشبەرێکەوە هێرشی کرایە سەر، کە هێزی بەکارهێنا و هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە و داوای بینینی سەرۆک نانسی پیلۆسی کردووە".
هامیل ئاماژەی بەوەشکردووە، پۆڵ پێلۆسیی هاوسەری نانسی لە هەشتاکانی تەمەنیدایە، "نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ کراوە بۆ چارەسەرکردنی شکانی کەلـلەسەری و برینداربوونی سەختی قۆڵی ڕاست و دەستەکانی". ئاماژەی بەوەشکردووە، پزیشکەکان "پێیان وایە چاکبوونەوەی تەواوەتی دەبێت".
پاڵنەرێکی سیاسی هەیە
بیل سکۆت، سەرۆکی پۆلیسی سانفرانسیسکۆ ڕایگەیاند، هێشتا پاڵنەری هێرشەکە دیاری نەکراوە، بەڵام میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، تۆمەتبارەکە لە کاتی هێرشەکەدا هاواری کردووە "نانسی لە کوێیە؟" کە ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی پاڵنەرەکانی سیاسی بوون.
سکۆت وتی هێرشبەرەکە ناوی دەیڤید دیبیبی تەمەن 42 ساڵە و تۆمەتبار دەکرێت بە هەوڵدان بۆ کوشتن و دەستدرێژیکردن بە چەکی کوشندە و دزیکردن و تاوانی دیکە.
هێرشی 'بە ئەنقەست'
سکۆت ئاماژەی بەوەشکردووە، شتێک دڵنیایە کە هێرشەکە "هەڕەمەکی" نەبووە بەڵکو "بە ئەنقەست" بووە.
بایدن چی وت؟
لای خۆیەوە کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە جۆ بایدن سەرۆک کۆمار پەیوەندی بە پیلۆسیەوە کردووە بۆ ئەوەی پشتگیری خۆی لە دوای "هێرشە ترسناکەکە" دەرببڕێت و دوعا بۆ هاوسەرەکەی دەکات.
کارین جان پیێر، وتەبێژی کۆشکی سپی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندووە، سەرۆککۆمار بەردەوامە لە ئیدانەکردنی هەموو کردەوەیەکی توندوتیژی و داوای ڕێزگرتن لە خواستی خێزانەکەی بۆ پاراستنی تایبەتمەندی دەکات.
بایدن ئەو هێرشە "نەفرەتییە"ی بۆ سەر هاوسەرەکەی پیلۆسی شەرمەزار کرد و لە میانی گردبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە فیلادلفیا ڕایگەیاند، "هیچ شوێنێک" بۆ توندوتیژی سیاسی لە ئەمریکادا نییە.
بایدن ئاماژەی بەوەدا کە هێرشبەرەکە هاواری کردووە "نانسی لە کوێیە؟"، وەک چۆن هەندێک لەو خۆپیشاندەران کە لە 6ی کانونی دووەمی 2021دا هێرشیان کردە سەر کاپیتوڵ، بەپێی چەند میدیایەکی ناوخۆیی.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری هێزە ئەمنییەکانەوە کە ناوی نەهێنراوە ڕایگەیاندووە، هێرشبەرەکە پەنجەرە و دەرگایەکی شوشەی شکاندووە و چووەتەناو ماڵەکە، بەو هۆیەوە سەر و جەستەی بریندار بووە.
ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە، تۆمەتبارەکە لە سۆشیال میدیا هەڵوێستی ڕاستڕەوی توندڕەوی دەربڕیوە، لەنێویاندا تیۆرییەکانی پیلانگێڕی سەبارەت بە کۆڤید-19.