ناس کورد-
یەکێتى نیشتیمانى کوردستان نیگەرانى خۆى لەبارەى شێوازی حوکمڕانی لەهەرێم گەیاندە چوار لایەن و جەختیکردەوە بەم شێوازە ناتوانن بەردەوام بن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەو هەڵوێستەى یەکێتى لەمیانەى کۆبوونەوەى شاندێکى باڵاى ئەو حزبە بۆ لاى یەکگرتوو، کۆمەڵ و شیوعى و زەحمەتکێشان راگەیەنرا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوى کۆتایی کۆبوونەوەکان کە میدیاى یەکێتى بڵاویکردووەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەمیانی کۆبوونەوەکاندا وەفدی یەکێتیی نیگەرانی یەکێتیان لە شێوازی حوکمڕانی گەیاندە هێزو لایەنە سیاسییەکان و راشیانگەیاند بەم شێوازە ناتوانین بەردەوام بین.
دەقى راگەیەنراوەکە:
وەفدی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ لایەنە سیاسییەکانی هەرێم:نیگەرانین لە شێوازی حوکمڕانی و بەم شێوازە ناتوانین بەردەوام بین.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦/١٠/٢٠٢٢ وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ئەندامیەتی هەڤاڵان شاڵاو کۆسرەت رەسول، د. میران محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سالار سەرحەد ئەندامی سەرکردایەتی سەردانی هەریەک لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کۆمەڵی دادگەری، حزبی شیوعی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد.
لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیاندا وەفدی یەکێتی لەشاری سلێمانی سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیان کردو لەلایەن مامۆستا سڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێکردنەوە پێشوازیان لێکرا.
لە دووەم وێستگەی سەردانەکە و لە شاری هەولێر، وەفدی یەکێتیی سەردانی کۆمەڵی دادگەری کردو لەلایەن مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی حزب و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵاوە پێشوازیان لێکرا.
پاشان وەفدی یەکێتیی سەردانی حزبی شیوعی کوردستانیان کردو لەلایەن د. کاوە مەحمود سکرتێری حزبی شیوعی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پێشوازیان لێکرا.
هەر ئەمڕۆو لەدوا وێستگەی سەردانەکەدا وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کردو لەلایەن بەڵێن عەبدوڵا سکرتێری حزب و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پێشوازیان لێکرا.
لەمیانی کۆبوونەوەکاندا وەفدی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان نیگەرانی یەکێتیان لە شێوازی حوکمڕانی گەیاندە هێزو لایەنە سیاسییەکان و راشیانگەیاند بەم شێوازە ناتوانین بەردەوام بین.
لە رۆژانی داهاتوودا، سەردانی وەفدی یەکێتیی بۆ لای هێزو لایەنە سیاسییەکانی دیکە بۆ هەمان مەبەست بەردەوام دەبێت.